چەند ساڵێک پێش ئێستە ڕێکخراوی یۆنسکۆ هۆشداریی دا کە یەکێک لەو مەترسییانەی جیهانی ئێستە و داهاتوو دەخاتە كێشەوە، پۆپۆڵیزمە. پۆپۆڵیزم بابەتێکی چەمكێكی ئاڵۆز نییە، لە ئاسانترین پێناسەیدا هەر جۆرە کردەوە و نواندن و نووسینێکە کە بابەتە گرینگ و چارەنووسسازەکان لە ڕێگەی ورووژاندنی بابەتی لاوەکی بریقەدارەوە، دەخاتە پەراوێزەوە. یانی بە گشتی مەیل و خواستی پۆپۆڵیزم، دروستکردنی ئاپۆڕایەکە نە پرسیار بکات، نە کاتی بۆ گرینگ بێت و نە بیر لە داهاتوو و چارەنووسی خۆی بکاتەوە.
پۆپۆڵیزم ئێستە لەناو کەوانەیەکی داخراودا گیری خواردووە، دەکرێت ئەم کەوانەیە یان ئایدۆلۆجیا و لایەنی سیاسی دروستی بکات، یا ئەو یارییە بازنەیی و بێمانایەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی وەک چالاکی و ئەکتێکی ساختە خۆی دەنوێنێ. ئەم کەشە نوێیە ئێستە زیرەکی دەسکردیشی هاتووەتە سەر و بە دڵنیاییەوە ڕێژە و قووڵایی مەترسییەکەی زۆر زیاتر کردووە، واتە ئێمە دواجار ئاپۆڕایەک لە بەردەم خۆماندا دەبینین کە بەر لەوەی لە عەقڵ و تێگەیشتنی سروشتیی خۆیان سوود وەربگرن، دەبێت مەکینەیەک یان ئەپێک ڕێوشوێنی بۆ دیاری بکات. واتە مرۆڤەکان ناتوانن بەشێوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ بیر لەوە بکەنەوە کە بۆچی شاد و خۆشحاڵ نین؟ یان ناسنامەیان چییە؟ یاخۆ زمان و شووناس پێوەندییان چۆنە؟ بۆچی قاچیان بەیانیان دێشێت و دەیان و سەتان پرسیاری تر دەخرێتە سەرشانی ئەپ یان مەکینەیەک کە ئەگەر تۆزێک هۆشمەندانە بیری لێ بکەینەوە، خۆی جێی گومانە.
نکوڵی ناکرێت ئەی ئای یان زیرەکیی دەسکرد و ئەو شۆڕشەی ئەپەکان خەریکن وردەوردە دەخرێتە بەردەست و گشتیی دەبنەوە، توانایەکی کەموێنەیان هەیە و دەكرێ زۆر خزمەت بە مرۆڤ بکەن، بەڵام ئایا هاوکێشەكە هەر زانیاری و شیکاریی داتا و خستنەڕووی پێشنیار و هەتا دوایی، پرۆسەیەکی میکانیکیی و سەربەخۆی زانستییە؟ ئەگەر کەسێک وەڵامی بەڵێ بداتەوە بەم پرسیارە، بێگومان دەبێت پێداچوونەوەیەک بە وەڵامەکەیدا بکات.
ئەم کورتەیەم باس کرد تا بڵێم، چۆن ئاڕاستەکردنی پۆپۆڵیزم و خووی ڕەشۆکانە پلاندارتر بووە و ئەندازیارییەکی جیهانیی دیکەی بۆ کراوە و لەم نێوانەدا ئەگەر وشیاریی پێویست یان جۆرێک لە فیلتەرینگی دیموکراسییانە کە لەتمە لە ئازادی نەدات، لە ئارادا نەبێت، بێگومان بۆ چەند ساڵی داهاتوو ئێمە لەگەڵ کۆمەڵێک تاک لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕوو دەبین کە خەون و خەیاڵیان ڕەنگە لە هەسارەیەکی دیکە بێت و جەستە و واقیعی ژیانیشیان شتێکی تر بڵێت.
لەبارەی کورد و پێوەندیی بەو هاوکێشەیەوە، بەپێی ئەزموونی خۆم وایدەبینم ئەم دۆخی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەسکرد و تەنانەت پۆپۆڵیزمیش /لەگەڵ ئەو ڕەخنانەی هەمە/ خزمەتی دۆزی ڕەوای کوردی کردووە. ڕەنگە پلانداڕێژەرانی جیهانی و مەکینە گەورەکانی داهێنانی تەکنەلۆجیا و شۆڕشی زانیاری، پێشبینیی ئەوەیان نەکردبێت کە جەمسەربەندییەکانی پاش شەڕە جیهانییەکان و دابەشکردن و دیزاینکردنی جیهان کە هەموو لەلایەن وڵاتانی خۆیانەوە بووە، هەڵبوەشێتەوە و ڕیسەکانیان بکرێتەوە بە خوری. سەردەمێک هەبوو ئێمە بە هەزار شەڕ و فەرتەنە ئەگەر کتێبێک یان کاسێتێکی ڤیدیۆ یا تەنانەت تۆمارێكی دەنگی لە دوو دیوی باشوور و ڕۆژهەڵات بگۆڕینەوە، بەڵام ئێستە گەرماوگەرم بۆ هەر ڕووداوێک باشوور بە هەموو مێدیا و تواناکانییەوە و ڕۆژهەڵات بە کوردپەروەرانییەوە، بۆ دۆزی خۆیان لەسەر پێن، وشیارییەکی بێوێنەی سنوورشکێن دروست بووە کە ئێران و عێراق ناناسێت و دەستەواژەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری لە جێگەیان داناوە.
سەرباری ئەمە، دنیایەک ئەپی فێرکاریی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات و باشوور و تەنانەت لە ڕێی کوردانی دیاسپۆراوە بەرهەم هاتوون، وشیاریی کوردیان چەندان هەنگاو بە خێراترین کات بەرەو پێش بردووە. پێم وایە هەر ئەمە وایکردووە ئەو هاوکێشەیەی داگیرکەر و کۆمپانیا ئابووریی و سیاسییەکانی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایانمەزراند و وڵاتانی ناوچەکە بە ناچاری یان خۆویستانە کەوتنە ناو یارییەکەوە، وردەوردە بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت. بۆیە هەندێ جار نابێت بە دیدێکی ڕەتکەرەوە چاو لەو پێشبینی و فاڵگرتنەوانە بکەین کە باس لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی گەورەی کوردی و وڵاتێکی نوێی بەهێزی ناوچەکە دەکەن کە ناوی کوردستانە.
بەختەوەرانە هەستی ناسنامەخوازی لە کوردستان ئەوەندە بەهێز و بێگەردە، بەشێکی زۆری کورد لە هەردوو پارچە بەرانبەر کێشە و کەموکوڕییەکانی زەینییەتی کوردی وشیار بوونەتەوە و ڕوانگەی ڕەخنەئامێزیان هەیە، بەڵام لەگەڵیدا بە هیواوە و مکوڕانە لە بنیاتنانی زەینیەتێکی کوردستانی بەهۆی دنیای تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و هەلەكانی جیهانی زانیاری، لە هەوڵدان.
ئەم بابەتە بۆیە شیاوی باسکردنە، چونکە پشتگیری و پەرەپێدانی زیاتری نەک تەنیا دەبێتە هۆی بەرجەستەبوونی دۆزی کورد وەک دۆزێکی ڕەوای شایستەی چارەسەر و ڕزگاری، بەڵکوو داتاشاینی ئەو پۆپۆڵیزمە هۆشداری لەسەردراوەیشە کە دەتوانێت کۆمەڵگە پەرت و خەواڵوو بکات، بەختەوەرانە ڕۆحیەتی گشتی و جەماوەریی کورد لەگەڵ ئەو هەستان و وشیاربوونەوە مێژووییەیە کە لە بێشکەی تەکنەلۆجیا و دەرفەتە تازەکانی جیهانی ئێستەوە گەورە دەبن.
بەهیوام هەر کەسە و لای خۆیەوە و بەپێی پسپۆڕیی و شارەزایی خۆی، ئەم بابەتە بخوێنێتەوە و سەرنجی بدا، بۆ ئەوەی پلان و نەخشەی ستراتیجی تۆکمە بۆ داهاتووی دۆزی کورد چێ بکرێت.