ئیحسان شمەری: هەر هەڵبژاردنێك پێوەری پاكی تیادا نەبێ لای گەلی عێراق شەرعیەتی نابێت

:: PM:06:27:01/11/2020 ‌

دۆخی عێراق لەناو ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە چەندان پەرەسەندنی دژ بەیەك بەخۆیەوە دەبینێت، كە خۆی لە ململانێ لەسەر دەسەڵات دەبینێتەوە، ئەو ململانێیەی تێكەڵێكە لە خواستی بەدەستهێنانی زیاتر و ترسی لەدەستدانی ئەوەی هەیە، جیا لە گوشاری دەرەكی بۆ سەرخستنی چەند هێزێكی دیاریكراو، شارەزایەكی عێراق دۆخەكە بەر لە هەڵبژاردنی عێراق شی دەكاتەوە.
دووبارەبوونەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو سیستمی سیاسی لە عێراق لاواز دەكات
د ئیحسان شمەری، سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا دۆخی سیاسی عێراق تێكئاڵاو و ئاڵۆز دەردەكەوێ و چەند تەنگژەیەك بەڕێگاوەن و بە چەند ئاراستەیەك ئاڵۆزن، لەوانە لە دژی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران كە نەخشەی نەیارەكانی بەهێزتر دەبێ، هاوپەیمانی نوێی سیاسی دروست دەبێت، هەوڵی لێخستنی یەكتر دەدرێ بەر لە هەڵبژاردن.

زیاتر گوتی، وا باشترە هەڵبژاردن لە وادەی خۆی بێتە سازكردن، بەڵام خواستێكی سیاسی هەیە بە ئاراستەی دواخستنی بۆ كۆتایی 2021، پێم وایە ئەوە تەڵەیەكە بۆ كازمی دادەنرێتەوە ئەگەر بیرۆكەكە قبووڵ بكات، هاوكات خۆدزینەوە لەو هەڵبژاردنە گران لەسەر هێزە سیاسییەكان دەوەستێت، جیا لەوەیش مەبەست تەنیا ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو پێوەرەكانی پاكی تیادا هەبێت، چونكە هەڵبژاردن سوودی نابێ بە بوونی چەكی بەڕەڵا و پارەی گەندەڵی سیاسی و بەكارهێنانی سامانی دەوڵەت، بۆیە ئەو جۆرە هەڵبژاردنە پاك نابێ و شەرعیەتی لای گەلی عێراق نابێت.

"گەیشتن بە هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو و مانەوەی باڵادەستیی هێزە سیاسییەكان، سیستمی سیاسی لە عێراق رووبەڕووی لەرزۆكی دەكات، بۆیە پێم وایە ئەگەر هێزە گەندەڵەكان بەردەوام بن و فەرامۆشكردن توانستەكان و هێزی بەشبەشێنە بەردەوام بن، ئەوكات ئەو سیستمە دەڕووخێ و شەرعیەتی لەدەست دەدات"، ئیحسان شمەری وای گوت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل