وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات

:: AM:08:55:01/11/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رای دەگەیەنێت، ئەو كەسانەی ئێستە تووشی كۆرۆنا دەبن زۆر بەسەختی ڤایرۆسەكە كاریگەریان لەسەر دادەنێت و سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ نەخۆش بوونە.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی دووەم، ئاسۆ حەوێزی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن زۆر بە سەختی نیشانەكانیان لێ‌ بەدیار كەوتووە و كاریگەری زۆری هەیە.

هیچ شوێنێك لە نەخۆشخانەكان نەماوە و بەشی زۆریشیان خراونەتە ژێر ئۆكسجین
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، ئێستە سەرجەم نەخۆشخانەكان پڕ بوونە لە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هیچ شوێنێك لە نەخۆشخانەكان نەماوە و بەشی زۆریشیان خراونەتە ژێر ئۆكسجین.

باسی لەوەش كرد، بەشێكی زۆری كارمەندی تەندروستیش تووشی كۆرۆنا بوون و كەلێنی كەمی كارمەندیش دروست بووە و دامەزراندنیش نییە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین كە خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنوێنییەكان بن تا ژیانیان پارێزراو بێت، چونكە ئێستە سەرجەم تووشبووان ژیانیان لە مەترسیدایە.

لە هەرێمی كوردستان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لە دوو هەزار هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و ژمارەیەكی زۆریش تووشبوو هەیە، هۆكارەكەشی زۆری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، هاوكات پابەندنەبوونی بەشی زۆری هاووڵاتییان بەڕێنوێنییەكانی تەندروستی.



وشە - رامیار جەواد