ئەفسەرێكی یاسایی ڕای دەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە هاتنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2018 ڕێ پێنەدراوە و سەرجەم مەرزە نێودەوڵەتییەكانیش بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ ئاگەدار كراونەتەوە لەو بڕیارە.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی دووەم، محەمەد كەریم ئەفسەری یاسای لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هەرێم بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2018 بۆ ناو هەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆوە ڕاگیراوە.
بەپێی كۆمەڵێك ڕێنوێنی دەبێ ئۆتۆمبێلەكان سفر كیلۆمەتر بن و مەرجەكانی سەلامەتی تێدا بێت
ڕوونی كردەوە، ئێستە ڕێ دەدرێت بە هێنانی مۆدێل 2019 و 2020 و 2021 كە بەپێی كۆمەڵێك ڕێنوێنی دەبێ ئۆتۆمبێلەكان سفر كیلۆمەتر بن و مەرجەكانی سەلامەتی تێدا بێت.
باسی لەوەش كرد، ئێستە ئەو بڕیارە بەپێی چەند مەرجێك و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەرجەم دەروازەكان چووە و وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئەمساڵ ئاسانكاری زۆر هەبوو بۆ بازرگانانی هاوردەی ئۆتۆمبێل كە سێ مانگ كاتەكەیان بۆ درێژ كرایەوە.
بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، ماوەی چەند ساڵێكە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بەپێی چەند مەرجێكە و ساڵانە تەنیا ڕێ بەهێنانی سێ مۆدێل ئۆتۆمبێل دەدرێت.