بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر ڕای دەگەیەنێـت، دابەشكردنی خۆراك بەسەر خێزانە هەژارەكانی هەولێر دەستی پێ كردووە و 107 هەزار خێزان سوودمەند دەبن.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی دووەم، یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی خۆراك بەسەر هاووڵاتییانی هەژار و كەمدەرامەت لە سنووری پارێزگای هەولێر دەكرێت.
هەنگاوی دابەشكردن ئەمڕۆ دەستی پێ كرد و پێدانی برنج و زەیت دەبێت بەو خێزانانە و سەرجەم شارەدێكان و شارۆكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی، ئەو خۆراكە سەرجەم ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە كرێچین یان هەژارن و یان مووچەیەكی كەمیان هەیە یان خاوەن پێداویستی تایبەتن یان سەرپەرشتیاری ئەو خێزانە لە گرتووخانە بێت.
باسی لەوەش كرد، هەنگاوی دابەشكردن ئەمڕۆ دەستی پێ كرد و پێدانی برنج و زەیت دەبێت بەو خێزانانە و سەرجەم شارەدێكان و شارۆكەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، هەروەها دابەشكردنی ئەو هاوكارییانە لە چوارچێوەی هاریكارییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و كۆی گشتی سوودمەندانیش لە هەرێمی كوردستان 312 هەزار خێزان دەبن.
لە ماوەی رابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا خۆراك و یارمەتی مادی پێشكەشی خێزانە هەژارەكان بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش لە مانگی ئایار هەڵمەتی ناونووسین بەڕێوە چوو و بەشی یەكەمی خۆراك دابەش كرا.