بەهۆی کۆچی دوایی جەلالی مەلەکشا شاعیری کوردپەروەر و ناسراوی کورد، سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی ماڵباتەکەیان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوێک کە لە نووسینگەی سەرۆک بارزانییەوە بڵاو کراوەتەوە، سەرۆک بارزانی سەرەخۆشیی لە کەسوکار و ماڵباتی شاعیری کۆچکردوو کرد.
لە پەیامەکەدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری گەلی کورد جەلالی مەلەکشام پێ گەییشت، جەلالی مەلەکشا نووسەر و شاعیرێکی نیشتیمانپەروەر بوو کە جێی دەستی لە بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردستان دیارە.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەدا دەڵێت: سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو جەلالی مەلەکشا و ڕۆشنبیر و ئەدەبدۆست و نووسەرانی شاری سنە و هەموو کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
لە خودای گەورە داواکارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت.