له هه‌ردوو گوندی بناوه‌سووته و سه‌رنه‌وانی سه‌ر سنووری نێوان باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له نزیك شارۆكه‌ی پێنجوێن، به هه‌زاران دار بڕاونه‌ته‌وه و داوای بنبڕكردن و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست ده‌كرێت.
ئاراز كه‌ریم هاووڵاتی و ژینگه‌پارێز له پێنجوێن به"وشه"ی راگه‌یاند: ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه پله‌كانی گه‌رما له ناوچه‌كه‌ماندا رووی له دابه‌زین كردووه و ئه‌وه‌ش وای كردووه، پاساو بداته به‌شێك له گوندنشینان و هاووڵاتییان، داری دارستانه‌كان ببڕنه‌وه و زیانی گه‌وره به ژینگه‌ی كوردستان بگه‌یه‌نن.
زیاتر گوتی: به‌شێك له داره بڕاوه‌كان ته‌مه‌نیان سه‌تان ساڵ ده‌بێت و به‌شێكی تریشیان تازه‌ن و هه‌ر له قه‌ده‌وه بڕاونه‌ته‌وه، ئه‌م كاره هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی پێنجوێن له ناوچه‌یه‌كی كوێستانییه‌وه به‌ره‌و بیابان بڕوات، بۆیه پێویسته لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان به‌په‌له له‌م كاره بكۆڵنه‌وه و خه‌مساردی نه‌نوێنن.
زانا ڕه‌حمان قایمقامی شارۆكه‌ی پێنجوێن له‌مباره‌یه‌وه به "وشه"ی ڕاگه‌یاند: پێنجوێن ناوچه‌یه‌كی كوێستانی و سارده و نزمبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و دابه‌شنه‌كردنی نه‌وت وای كردووه هاووڵاتییان به‌شێكی زۆریان به‌ناچاری په‌نا بۆ داربڕینه‌وه به‌رن.
ئه‌وه‌شی گوت، نووسرامان ئاراسته‌ی پارێزگاری سلێمانی كردووه، هه‌وڵ بۆ دابینكردن و دابه‌شكردنی نه‌وت بده‌ن، ساڵی رابردووش ته‌نیا یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌سه‌ر خێزانه‌كان دابه‌ش كرا، به‌ڵام ئه‌و خێزانانه‌ی نیشته‌جێی پێنجوێنن ساڵانه پێویستیان به دوو بۆ سێ به‌رمیل هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانی وه‌ك پۆلیسی دارستان رۆژانه كاره‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام كه‌میی كارمه‌ند و پێداویستییه‌كانیان هۆكاره كه نه‌توانرێت وه‌ك پێویست به هه‌موو سنووره‌كه بگه‌ن و سزای سه‌رپێچیكارانی سه‌ر ژینگه بده‌ن.
شارۆكه‌ی پێنجوێن، ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سلێمانی، نزیكه‌ی 96 كیلۆمه‌تر له سلێمانییه‌وه دووره و ناوچه‌یه‌كی كوێستانی و سنووری سه‌خته.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی