مانگی رابردوو هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنێكیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی واژوو كرد، بڕگەیەكی رێككەوتنەكە وەدەرنانی هێزەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی بوو لە شنگال، هۆزە عەرەبییەكان وریایی لە رێككەوتنێكی پەكەكە و حزبوڵا لەبارەی شنگالەوە دەدات.
شنگال.. پەكەكە و حزبوڵا بە نهێنی رێك دەكەون
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان ئەمڕۆ یەكشەم لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، وەك هۆزە عەرەبییەكان وریایی لە مەترسیداریی رێككەوتنێكی نهێنی بەمدواییە لە نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و میلیشیای كەتیبەكانی حزبوڵا لە شنگال دەدەین، بەپێی رێككەوتنەكە ئەو میلیشیایە پاڵپشتی سەربازی و چەك بۆ چەكدارانی پەكەكە دابین دەكات، بۆ هەڵگەڕانەوە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی دوایی هەردوولا.
شێخ مواحم بۆ "وشە"ی روون كردەوە، دوێنێ شەموو شاندێكی كەتیبەكانی حزبوڵا لە شنگال چاویان بە شاندێكی پەكەكە كەوتووە و رێككەوتنێكی نهێنیان كردووە، بەوەی ئەو میلیشیایە پاڵپشتی سەربازی و چەك بە پەكەكە لە دژی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بدات، كە یەكێك لە بڕگەكانی وەدەرنانی هێزەكانی پەكەكە و میلیشیاكانە لە شنگال و شوێنگرتنەوەیانە بۆ هێزە فەرمییەكان.
وەك گوتەبێژی هۆزە عە رەبییەكان روونی كردەوە، لەوكاتەی داوا لە هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا دەكەین بە دەركردنی چەكدارانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، لە شنگال بەپێی رێككەوتنی هەردوو حكوومەت، پەیامیان پێ دەگەینی كە هەڵوێستێكی توندیان بە رووی ئەو گرووپە یاساشكێنانە هەبێت، كە دەیانەوێ بەردەوامیی بە تاوانەكانیان بەرانبەر بە هاووڵاتییان بدەن، هاوكات دەیانەوێ رێگەی نێوان تاران و دەریای سپی كە بە شنگالدا دەڕوات، بەدەستی ئەوان بمێنێتەوە.