ساڵانێكە پارتی كرێكارانی كوردستان هەوڵی شێواندنی دۆخی هەرێمی كوردستان و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی دەدات، لەلایەك دەستی دەرەكی بۆ لێدانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێم رادەكێشێت، لەلایەكی تر هەوڵی گوشارخستنە سەر حكوومەت و هاووڵاتییانی هەرێم دەدات، دواترینی تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێم بوو لە توركیا، عەلی عەونی، سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان داوا لە پەكەكە دەكات خاكی هەرێم جێبێڵێت.
جموجۆڵەكانی پێشمەرگە ئاسایین و لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی پێشمەرگەن
عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی زاخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەوە گوتی، هەڵسوكەوتە نابەرپرسیارەكانی پەكەكە بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، وەك تەقاندنەوەی بۆریی نەوتی هەرێم كە بە خاكی توركیادا دەڕوات، ئاماژەیەكە بەوەی سیاسەتەكانی ئەو حزبە لەلایەن كەسانێكی توندڕۆ بەڕێوە دەچێ و بەرژەوەندی هەرێمی كوردستانیان لا گرنگ نییە.
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزی پێشمەرگە لە ئاكرێ، گوتی، ئاساییە هێزی پێشمەرگە بۆ وەستاندنی هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر بەرژەوەندی هاووڵاتییان و هەرێمی كوردستان جووڵەی پێ بكرێت، روونی كردەوەن ئەو جموجۆڵانە ئاسایین و لە چوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دێن.
ئەو بە رپرسەی پارتی پرسیاری ئەوەی ورووژاند، لە پەكەكە دەپرسین ئاخۆ ئاكرێ ناوچەیەكی سنوورییە؟، چەكدارانی ئەوان لەوێ چی دەكەن؟، ئاخۆ بوونی چەكدارانی پەكەكە لەسەر رێگەی سەرەكیی نێوان بارزان و شێروان چی دەگەیەنێت؟
لەبارەی ئەگەری دروستبوونی جەنگ لە نێوان پێشمەرگە و پەكەكە، عەونی روونی كردەوە، تا پێمان بكرێ دان بەخۆماندا دەگرین و خۆمان لە هەوڵەكانی پەكەكە بۆ راكێشانی هەرێم بۆ ناو جەنگ دەپارێزین، زیاتر گوتی، درك بە نەهامەتییەكانی جەنگ و كاریگەرییە نەرێنییەكانی دەكەین و هیوادارین بڕیارەكانی پەكەكە بكەوێتە دەست كەسانێكی دڵسۆز كە بەرپرسیارەتی نەتەوەیی لە ئەستۆ بگرن.