وردەكاری رفاندنی سەركردەی حزبێكی دژبەری ئێران لە توركیا

:: AM:11:04:01/11/2020 ‌
سەركردەیەكی ڕێكخستنێكی عەرەبەكانی ئەحوازی ئێران، لە توركیا ڕفێنرا و هەرچەندە هیچ كام لە وڵاتانی ئێران  و توركیا بە فەرمی باسیان لەم زانیارییە نەكردووە، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن سەركردەكە بۆ ئێران گواستراوەتەوە.

دوێنێ شەموو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ئەحواز‌ ئەوەی راگەیاند، یەكێك لە سەركردەكانی لە توركیا دیار نەماوە كە بە كەسی دووەمی بزووتنەوەكە ناو براوە و لە رفاندنی سەركردەكەشیان هەریەك لە وڵاتانی ئێران و قەتەر و توركیا هاوكاری یەكتریان كردووە.

لە 15 مانگی تشرینی یەكەمەوە ون بووە

هودا هەواشمی هاوسەری حەبیب فەرەجوڵا كەعب ناسراو بە حەبیب ئەسیوەد بۆ بی بی سی باسی لەوە كردووە، مێردەكەی لە 15ی مانگی تشرینی یەكەمەوە لە ئیستانبوڵ ون بووە. 

توركیا و ئێران لەسەر ئەو سەركردە عەرەبەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە
حكوومەتی توركیا و ئێران لەسەر ئەو سەركردە عەرەبەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران هیچ زانیارییەكیان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی سوید دڵنیایی خۆی لەوە پێشان داوە دەزگای ئیتڵاعاتی ئێرانی بە هاوكاری توركیا حەبیب ئەسیوەدیان لە سنووری پاریزگای ورمێوە بۆ تاران گواستووەتەوە.

ئەو ئاماژەی داوە لە رێی پۆلیسی توركیاوە لەوە ئاگادار بووە مێردەكەی نۆی تشرینی یەكەم گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی ئیستانبوڵ و بڕیار بووە 15ی مانگ لە توركیاوە بچێتە سوید، بەڵام ئەمە رووی نەداوە و لەو كاتەوە ونە.

ئێران بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەحواز بە هێرشكردنە سەر نمایشی سەربازی سوپای پاسداران لە ساڵی 2018 تۆمەتبار دەكات و بە گرووپێكی تیرۆریستی ناوی دەبات. لە هێرشەكەی پارێزگای خووزستان لانی كەم 24 كەس لە هێزەكانی سوپای پاسداران كوژران.

بۆچی ئەسیوەد چووەتە توركیا؟

بە گوتەی هاوسەری ئەسیوەد، ئەو زانیویەتی توركیا بۆ ئەو مەترسیدارە و نابێت بۆ ئەو وڵاتە گەشت بكات و تەنانەت وەك ترانزێتی گەشتیش بەكاری بهێنێت، بەڵام هەڕەشەی لێ كراوە و هەر دەبوو سەردانی توركیا بكات.
لە لایەن سویدەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران كراوە لەوبارەیەوە زانیاری بدات

ئەسیوەد كە رەگەزنامەی سویدیشی هەیە لە لایەن سویدەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران كراوە لەوبارەیەوە زانیاری بدات، بەڵام تا ئێستە بەرپرسانی ئێرانی هاوكاری سویدیان نەكردووە.

هەواشمی ئاماژەی دا لەگەڵ مێردەكەی بەیەكەوە نەدەژیان، بەڵام هەموو رۆژ پێوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەبوو و سێ منداڵیشیان هەیە و دواین جار لە پێنجی مانگی تشرینی یەكەم لەگەڵ ئەسیوەد بەیەكەوە نانیان خواردووە.

ئەسیوەد كێیە؟

حەبیب فەرەجوڵا چەعب یان حەبیب كەعبی بە حەبیب ئەسیوەد ناسراو بوو، رێبەری پێشوو و دامەزرێنەری گرووپێكی عەرەبی بۆ رزگاركردنی ئەحواز بوو. ماڵپەڕی ئەحوازونا وەك رێبەری پێشوو ئاماژەی بە ناوی ئەسیوەد كردووە و لە یەك و نیو ساڵی رابردوو رێبەری گرووپەكە بووە و هەمووی دوو هەفتە دەبوو سەعید حەمیدان رێبەری گرووپەكەی لە ئەستۆ گرتبوو.

ئەسیوەد لە راپەڕین و خۆپێشاندانەكانی 15 ساڵ لەمەوبەری خووزستان رۆڵێكی كارای هەبووە
ئەسیوەد لە گوندێكی شەعیبییەی شووشتەر لە پارێزگای خووزستان لە دایك بووە، ئەو كوڕە جووتیار بووە و لە بواری كۆمەڵناسی درێژەی بە خوێندن داوە. ئەسیوەد لە راپەڕین و خۆپێشاندانەكانی 15 ساڵ لەمەوبەری خووزستان  رۆڵێكی كارای هەبووە و دوای ئەوەی گرووپێكی رزگاریخواز دادەمەزرێنێت، داوای جیابوونەوەی بەشی عەرەبی لە ئێران دەكات.

گرووپی بەرگریی نیشتمانیی ئەحواز

بەرگری نیشتمانیی ئەحواز كە خۆی بە بەرگریكاری عەرەبەكانی ئێران ناساندووە، لە كۆمەڵیك حزب و گرووپی چەكدار و مەدەنی عەرەبەكانی ئەحواز پێك هاتوون.
بارەگای سەرەکی ئەم گرووپە لە هۆڵەندایە و تەنانەت تەلەڤزیۆنێكیان بە ناوی ئەحوازونا هەیە.

ئەو گرووپە 15 ساڵە دامەزراوە و كۆمەڵێك بزووتنەوە و گرووپی چالاك لە ناو ئەو رێكخستنەدان، گرووپی نزال یان گرووپی عەرەبی ئازادیخوازی خووزستان بەشێك بووە لێیان. بارەگای سەرەکی ئەم گرووپە لە هۆڵەندایە و تەنانەت تەلەڤزیۆنێكیان بە ناوی ئەحوازونا هەیە.

بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە رووی دیپلۆماسییەوە چالاكن و تەنانەت لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دیدار و كۆبوونەوەكاندا بەشدارییان دەكرد.

رفاندنی رێبەران و دژبەران

حەبیب ئەسیوەد یەكەم كەس نییە ئێران لە دەرەوەی وڵات دەیڕفێنێت، بەڵكو پێشتریش لە عێراق روحوڵا زەم كە دامەزرێنەری كەناڵێكی تیلیگرامی بە ناوی ئامەد نیوز بوو رفاند و بۆ ئێرانی گواستەوە.

جەمشید شارمەهدیش كە سەرۆكی رادیۆ تۆندەرە و سەر بە ئەنجوومەنی پاشایەتی ئێران لە ئەمەریكایە، چەند مانگ لە مەوبەر دوای گەشتێكی بۆ دوبەی، لە لایەن ئێرانەوە رفێنرا.



وشە - سلێمان تاشان