چارەنووسی سووریا لە نێوان بایدن و پووتین و ئەردۆغاندا

:: PM:05:29:01/11/2020 ‌

سووریا یەكێكە لە گۆڕەپانەكانی گەرمی رووداوەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەڵكی ئەو وڵاتە بە هاوشێوەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی لە 2011 دەستیان بە راپەڕین دژی رژێمێكی سەركوتكار و دیكتاتۆر كرد، بەڵام تاڵاوی ئەو راپەڕینەیان خواردەوە و پەیامەكەیان پێ گەیشت بەوەی چارەنووسی سووریا لەلایەن زلهێزەكانەوە دیاری دەكرێت، بۆیە چارەنووسی ئەو وڵاتە لە حاڵەتی هەر گۆڕانكارییەك لە ئەمەریكا و هاتنی جۆ بایدن بۆ دەسەڵات چی دەبێت؟، بەتایبەتی كە دەبێتە هاوبەشێكی نوێی كێكەكەی سووریا لەگەڵ هەریەك لە پووتین و ئەردۆغان.
رووسیا ویستی لە ئیدلب توركیا رابكێشێتە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی
سەرچاوەیەكی نزیك لە هەڵمەتی بایدن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئاشكرای دەكات كە پلانی بایدن بۆ سووریا و سیاسەتەكانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی ئەو وڵاتە ئەگەر ببێتە سەرۆك، جیاواز دەبێت لەوەی ترەمپ و دەگۆڕێت، بە شێوەیەك كاراتر دەبێت، ئەو دوای راوێژی بە كۆمەڵ بڕیارەكانی دەدات، لەگەڵ هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا.  

زیاتر گوتی، بایدن بە سەرانی رووسیا رادەگەیەنێ ئەگەر چاكسازییەكی سیاسی كاریگەر لەو وڵاتە ئەنجام نەدرێت، ئەوە ئەمەریكا و ئەوروپا پاڵپشتی لە هەوڵەكانی ئاوەدانكردنەوەی سووریا ناكەن، بۆیە سیاسەتی بایدن بریتی دەبێ لە پاڵنان بە پرۆسەی سیاسی بۆ پێشەوە، هەروەها ئەو دەیەوێ لە پرسە مرۆییەكان پەرەسەندن ببینێ وەك ئازادكردنی گیراوە سیاسییەكان، سەبارەت بە ئیدلب، بایدن پاڵپشتی لە بوونی توركیا لەوێ دەكات بۆ پاراستنی سێ ملیۆن هاووڵاتی لە رووسیا و حكوومەتی سووریا، بێ رەچاوكردنی جیاوازییەكانی واشنتن و ئەنقەرە لەبارەی چەند پرسێك.    

سیاسەتی بایدن دووپات لە پاڵپشتیكردنی چارەسەری سیاسی لە سووریا و رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەكانی رووسیا بۆ دووبارە هێنانەپێشەوەی بەشار ئەسەد دەكات، لەوكاتەی رۆبەرت فۆرد، باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە سووریا روونی كردەوە، سیاسەتەكانی بایدن لەبارەی سووریا زۆر لەوەی ترەمپ جیاواز نابێت، تاكە جیاوازی رەنگە هەبێ پێوەستە بە پاڵپشتیكردنی دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، كە رەنگە پاڵپشتی تەناهی و سیاسی و ئابووری بۆ فەراهەم بكات.  

سەبارەت بە پووتین و هەڵوێستی رووسیا، رۆژنامەی "فاینانشیەڵ تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێكی سەبارەت بە دۆسیەی سووریا دەڵێت، بەمدواییە رووسیا هەوڵی دا لە پارێزگای ئیدلب توركیا رابكێشێتە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی، ئەو سەربازگەی گرووپێكی نزیك لە توركیای لە ناوچەكە كردە ئامانج و ئەوەیش ئاماژەیەك بوو بۆ نیازی مۆسكۆ سەبارەت بە داهاتووی ئەو ناوچەیە.

رۆژنامەكە روونی كردەوە، پێشتر رووسیا ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی توركیای لە باكوری سووریا لە دژی رێكخراوی داعش و هەسەدە بە مەترسی بۆ سەر خۆی نەدەزانی، بەڵام پەرەسەندنی دوایی ئیدلب، ئاماژەیەك بوو بەوەی پووتین رەنگە رەزامەندی لەسەر بوونی سەربازی توركیای لە باكوری سووریا كشاندبێتەوە، رۆژنامەكە باسی ئەوەی كرد، دەستوەردانی توركیا لە هەرێمی قەرەباغ و پاڵپشتیكردنی ئازەربایجان لەسەر حسێبی ئەرمینیای پاڵپشتیكراو لەلایەن رووسیا، وایان كردووە رووسیا بیر لە تۆڵەسەندنەوە لە توركیا لە رێگەی گوشارخستنە سەری لە ئیدلب بكاتەوە، بۆیە ركابەری نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە لە باكوری سووریا پەرەی سەندووە و ئەوەیش ئاماژەیە بۆ مەترسی دۆخەكە، بەتایبەتی كاتێك بەرژەوەندییەكانیان لە سووریا و لیبیا و ئازەربایجان دژ بەیەكە. 

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بەر لە چەند رۆژێك رەخنەی لە بۆردمانەكەی رووسیا گرت و گوتی، مۆسكۆ نایەوێ سەقامگیری و ئاشتی بەردەوام لە ناوچەكە هەبێت، لەوكاتەی گینادی پیترۆڤ، نووسەری رووسی دەڵێت، روونە كە ئەردۆغان هیڵێكی سووری لەبەردەم پووتین كێشاوە، وەك ئاماژەیەك بۆ قسەكانی ئەردۆغان كە رەخنەی توندی لە رووسیا گرت بەوەی سەرانی رووسیا خواستی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریان لە سووریا نییە، ئەو ناراستەوخۆ هیڵێكی سووری بۆ رووسیا دیاری كرد لە ئیدلب و قەرەباغ و ئازەربایجان و ئەرمینیا، كردەنەئامانجی سەربازگەكەی ئیدلب ئەردۆغانی زۆر توڕە كرد.

لای خۆیەوە ئەلیكسی مالاشینكۆ، بەڕێوەبەری پەیمانگەی گفتوگۆی شارستانیەتییەكان دەڵێت، دوای پەرەسەندنەكانی ئیدلب و قەرەباغ، ئەردۆغان لە رەوتی ئاسایی خۆی دەرچووە و بڕیاری داوە هاوكات نەیاری هەمووان بكات، رووسیا و فڕەنسا و ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبیش، سەبارەت بە رووسیا پێویستی بە رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا هەیە، بەهۆی بوونی چەندان دۆسیەی هاوبەش لە نێوانیان، بۆ ئەوەیش چاوەڕوانی پاشگەزبوونەوەی ئەردۆغان دەكات لە قسەكانی دوایی، ئەوە هاوكات لەگەڵ پەرەسەندنی زیاتری دۆخی ناوچەكە كاتێك رووسیا كردنەئامانجی گرووپە توندڕۆكانی سەر بە توركیای زیاتر كردووە و توركیایش پاڵپشتی سەربازی ئەوانەی قووڵایی ئیدلب دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل