ململانێی سەرانی سوننەی عێراق لەسەر چییە؟

:: PM:08:14:01/11/2020 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە بڕیارە لە حوزەیرانی 2021 بێتە ئەنجامدان، هێزە سیاسییەكان و هاوپەیمانیەتییەكانی عێراق لێك دەترازێن، لەوانەیش هێزە سوننەكان، سەرانی سوننە لە ململانێیەكی بەردەوامدان لەسەر دەسەڵات و رابەرایەتیكردنی پێكهاتەكە، ئەوە لەكاتێكدا هاووڵاتییانی سوننە لە دۆخێكی خراپدان كە تا ئێستە بەشێكیان ئاوارەن.
ئەجیندای پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە نوێیە لێخستنی حەلبووسییە
لە 25ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، ئوسامە نوجێفی، پێكهێنانی بەرەیەكی لە 35 پەرلەمانتار سوننەی دژ بە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، كە هەردووكیان سوننەن، ئەو ترازانەی سەرانی سوننە لە رووكەشدا چەند دروشمێكیان بەرز كردووەتەوە، لەوانە چارەسەركردنی كێشەی پارێزگا سوننەكان و ئاشكراكردنی چارەنووسی هەزاران ونبووی سوننە، كەچی چاودێران پێیان وایە ئەوەی روودەدات هەوڵێكی پێشوەختەیە بۆ چوونە ناو كێبەركێی هەڵبژاردن و گەیشتن بە دەسەڵات.   

ئێستە سوننە خاوەن 73 كورسی پەرلەمانی عێراقن كە لە 329 كورسی پێكهاتووە، ئەوان لە ژمارەیەك فراكسیۆن پێكهاتوون، لە 2018 گەورەترین بەرەی سوننە هاوپەیمانی میحوەر بوو كە لە 50 كورسی پەرلەمان پێكهاتبوو، دوای ئەوە بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی بووە دوو هاوپەیمانیەتی، هێزە عێراقییەكان كە محەمەد حەلبووسی سەركردایەتی دەكات و میحوەری وەتەنی كە خەمیس خەنجەر سەركردایەتی دەكات.

خەڵكی سوننە لە عێراق گلەیی لە سیاسەتوانانیان دەكەن كە ئەوان لاوازن و ناتوانن چارەسەری بۆ كێشەكانیان بدۆزنەوە، چونكە ئەوان یەكپارچە نین و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و گەیشتن بە دەسەڵات و دەسكەوت هەوڵ دەدەن، جیا لەوە لەسەردەمی نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق سەرانی دیاری سوننە رووبەڕووی دوورخستنەوە و تۆمەتخستنپاڵیان هاتنەوە، ئەوانەیشی دواتر دەركەوتن پاڵپشتی گەورەی جەماوەریان نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی داعش زۆرینەی ناوچەكانی داگیر كردن و دواتر كەوتنە دەستی میلیشیا شیعەكان، بۆیە ژمارەی كوردسییەكانیان لە پەرلەمانیش كەمی كرد كە پێشتر 90 كورسیان هەبوو.

ئەحمەد جەربا، سەرۆكی بارستەی مەشرووعی عەرەبی دەڵێت، ئەو دابەشبوونەی هەیە، هی ئێستە نییە و تەنیا لەناو سوننە نییە، بەڵام نەبوونی یەكگرتوویی سوننە وای كردووە هەر یەكێكیان پۆستی باڵای بەركەوێ كار بۆخۆی دەكات و بڕیارەكان بۆخۆی قۆرخ دەكات و ئەوانیتر دووردەخاتەوە وەك ئەوەی ئێستە لەگەڵ محەمەد حەلبووسی روودەدات و قبووڵی ناكەین. 

روونی كردەوە، مەبەست لە پێكهێنانی بەرەیەكی نوێی پەرلەمانی سوننە بۆ گەڕاندنەوەی دادوەرییە لە بڕیاردانی سیاسی و گوشاركردنە بە ئاراستەی ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكانی سوننە كە پێشتر كەوتبوونە دەستی داعشەوە، جیا لە ئاشكراكردنی چارەنووسی رۆڵەكانی سوننە لەوانەی ونكراون و گەڕاندنەوەی ئاوارەكانیانە، هاوكات بەدووری نەزانی كاری لەپێشینەیان لادانی سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئەگەر لەو رەوتەی گرتوویەتییە بەر پاشگەز نەبێتەوە.

لای خۆیەوە خالد مەفرەجی، پەرلەمانتاری سوننە ئاماژە دەكات، كاریگەری ئەو بەرە پەرلەمانییە نوێیە بۆ سەر دۆخی پارێزگاكانی سوننە لاوازە، چونكە جێبەجێكردنی پێویستی ئەو پارێزگایانە پێوەستە بە حكوومەتی ناوخۆیی پارێزگاكان، بەردەوامبوونی سوننە لەسەر ململانێی سەركردە و دەسەڵات بە نەرێنی كاری كردووەتە سەر رۆڵی سیاسی سوننە وەك جەماوەری سوننە دەیبینن، ئەوەیش وای كردووە زۆرێك لە سوننە بەشداری دەنگدان لە هەڵبژاردن نەكەن، بۆیە ئێستە كاتی پێكهێنانی بەرەی نوێ نییە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، بەڵكو دەبێ مەبەست راستكردنەوە و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان بێت بەتەنیا. 

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئێستە دوو هێزی سەرەكیی سوننە هەن، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان و بەرەی عێراقییە كە گوشاریان بە ئاراستەی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی راستەقینە لەسەر هێزە سیاسییەكان دروست كردووە.

یاسین بەكری، مامۆستای زانستە سیاسییەكان ئاماژەی كرد، دابەشبوونی سیاسی شتێكی ئاساییە، بەڵام جیاوازییەكە ئەوەیە پێكهاتەكانی تر لەسەر بابەتە فیدرالییە باڵاكان رێك دەكەون، هەرچی سوننەیە بە چەندان شێوە دابەش بوونە و یەكهەڵوێستیان نییە لە پرسەكانی پێوەست بە بەرژەوەندی پێكهاتەكەیان لەسەر ئاستی فیردالی، ئەوەیش كاری كردووەتە سەر پرسی ئاوارەكان و نەبوونی توانای گەڕاندنەوەیان.

ئەو شارەزایە ئەكادیمییە پێی وایە یەكبوونی سەرانی سوننە لەبەر چەند هۆكارێكی مێژوویی و سروشتی كەسایەتی ئەوانە كە دەشتەكی نزیكترن لە سەركردایەتیكردن، بۆ نموونە حەلبووسی هەوڵی سەپاندنی خۆی و دەرخستنی خۆی وەك سەركردەیەك دەدات، ئەوەیش وای كردووە بەرهەڵستی بۆ پەیدا ببێت بۆ لادانی یان سنوورداركردنی دەسەڵاتەكانی، هاوكات تێبینی دەكەین لە هاوپەیمانە نوێیەكە هەمان شت هەیە، كاتێك سەركردایەتییەكی بەكۆمەڵ دەبینین، ئەوەیش لە ترازان و دابەشبوون نزیكترە، بۆیە ئەگەر هەیە پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە تەنیا ئەجینداكەی لێخستنی حەلبووسی بێت.     


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل