سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له ترسی بۆردمانی باره‌گه‌ی میلیشیاكان و داخستنی باڵوێزخانه له ئه‌مه‌ریكا، میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران هێرشیان بۆ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا وه‌ستاندووه، به‌ڵام له شێواندنی دۆخی وڵات به‌رده‌وامن و ئێسته هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له حكوومه‌ت و كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، كه چیتر گرێبه‌سته‌كانیان نوێ نه‌كرێته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بنه ئامانجی په‌لامار و ئۆپراسیۆنی میلیشیاكان.
ئابووری عێراق له‌وپه‌ڕی خراپیدایه و به‌ره‌و هه‌ره‌س هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌رتی پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان و به‌ڕێوه‌بردن له خراپترین حاڵه‌تدایه، هاتنی كۆمپانیای بیانی بۆ وه‌به‌رهێنان له ناوخۆی عێراق، یه‌كێكه له چاره‌سه‌ره مامناوه‌ندییه‌كان بۆ زۆرتركردنی هه‌لی كار و هێنانی پاره‌ی ده‌ره‌كی بۆ ناوخۆی عێراق و په‌ره‌پێدانی توانای به‌رهه‌مهێنان له سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانه‌وه، به‌ڵام میلیشیاكان به توندی هه‌ڕه‌شه له كۆمپانیاكانی بیانی له عێراق ده‌كه‌ن و داوایش له حكوومه‌ت ده‌كه‌ن، چیتر گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان نوێ نه‌كاته‌وه، به‌رپرسانی عێراقیش ئه‌مه به هه‌نگاوێكی مه‌ترسیدار ناو ده‌به‌ن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه زیانی زۆر به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م میلیشیاكانی نوجه‌با كه یه‌كێكه له گرووپه نزیكه‌كانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران و خراوه‌ته لیستی تیرۆری ئه‌مه‌ریكاوه، به توندی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی حكوومه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای سیركۆی به‌ریتانی ڕه‌ت كرده‌وه، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه ئه‌و كۆمپانیایه له بواری ڕێكخستنی هاتوچۆی ئاسمانی عێراق كار ده‌كات و ئه‌زموونێكی گه‌وره و زۆری هه‌یه، به‌ڵام نوجه‌با له به‌یاننامه‌یه‌ك ئاماژه‌یان به‌وه داوه، كه زۆر به‌توندی ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌وڵێكی حكوومه‌ت ده‌بنه‌وه، كه بیه‌وێ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیا به‌ریتانییه نوێ بكاته‌وه، كه هه‌ژموونی به‌سه‌ر ئاسمانی عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی سه‌پاندووه.
میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه له حكوومه‌ت و كۆمپانیای بیانی له عێراق ده‌كه‌ن
له به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه هاتووه، عێراق كادری لێهاتوو و مه‌شقپێكراوی زۆری له‌و بواره هه‌یه، كه ئاماده‌ن بۆ خزمه‌تكردن، بۆیه پێویستمان به كۆمپانیای بیانی
نییه، هاتوچۆی ئاسمانی عێراق ڕێك بخات، بۆیه نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه و شه‌رعیه‌تدانه به داگیركاری به‌ریتانیا بۆ سه‌ر خاك و ئاسمانی عێراق، ئه‌مه‌یش به‌لای ئێمه‌وه هه‌رگیز قبووڵكراو نییه.
نه‌سر شمه‌ری سكرتێری گشتی میلیشیاكانی نوجه‌بایش له‌وباره‌وه له تویتێكدا نووسیویه‌تی، بیابان و جه‌زیره وئه‌نبار تا كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و سه‌ماوه و به‌سڕه بۆ سعوودیه، ئاسمان و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی بۆ به‌ریتانیا، هه‌موو ئه‌وانه له‌لایه‌ن باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه به‌سه‌ر حكوومه‌تی به‌غدا ده‌سه‌پێنرێن و ئه‌مه‌ریكا خه‌ریكی فرۆشتنی عێراقه له مه‌زادكرنی ئاشكرادا.
له‌وباره‌وه حامد موتڵه‌گ ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق به ڕۆژنامه‌ی "
العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و گرووپه میلیشیایانه به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێست له به‌رژه‌وه‌ندیده‌وڵه‌تی عێراق ده‌رنابڕن و به ئاشكرایش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ددان به ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه شه‌رعییه‌كانی ده‌وڵه‌ت له عێراق نانێن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌جێندای ده‌ره‌كی كار ده‌كه‌ن و ئامانجیانه به‌رژه‌وه‌ندی مادی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ده‌ره‌كی له عێراق ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
ئه‌مه پێشهاتێكی مه‌ترسیداره و زاڵبوونی میلیشیاكانه به‌سه‌ر حكوومه‌ته‌وه
زیاتر گوتی، ئه‌مه كاره‌ساتێكه و كوده‌تایه به‌سه‌ر دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان، متمانه‌ی خه‌ڵك به حكوومه‌ت لاواز ده‌كات و وا ده‌كات خه‌ڵك زیاتر میلیشیاكان به حكوومه‌ت و بڕیار به‌ده‌ست بزانن له عێراق، نه‌ك حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌لاماردان و هێرش و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر كۆمپانیای بیانی له عێراق، ئه‌وا زیانی زۆر گه‌وره به كه‌رتی كار و ئابووری و پیشه‌سازی و وه‌به‌رهێنان و پێشخستنی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.
به‌رپرسێكیش له به‌غداوه كه ناوی ئاشكرا نه‌كردووه بۆ ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی داوه، ئه‌مه پێشهاتێكی مه‌ترسیداره، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌ك بكات، میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه بكه‌ن و فشار دروست بكه‌ن، كه‌واته دۆخه‌كه گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی میلیشیاكان خۆیان له سه‌رووی حكوومه‌ته‌وه ده‌بینن، كه ئه‌مه‌یش دۆخێكی زۆر خراپه، بێده‌نگی حكوومه‌تیش له ئاست ئه‌و هه‌ڵوێستانه و ده‌رنه‌كردنی بڕیار له دژی ئه‌و گرووپانه، كاره‌ساتێكی تر و وڵات به‌ره‌و وێرانبوونی زیاتر ده‌بات.
ئه‌و به‌رپرسه دووپاتی كرده‌وه، كه پێویست ناكات حكوومه‌ت ڕێوشوێنی هێز له دژی ئه‌و میلیشیایانه به‌كاربهێنێت، به‌ڵكو پێویسته ڕێی یاسایی و دادگه له دژیان بگرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێیه‌وه ڕووبه‌ڕوویان ببێته‌وه و حوكمی یاسایان به‌سه‌ردا بچه‌سپێنێت، نه‌ك په‌نا بۆ دروستكردنی شه‌ڕ و گرژی و توندوتیژی بدات له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌ی خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن.
ئه‌حمه‌د نعێمی پسپۆر و شاره‌زا له دۆخی ته‌ناهی عێراق ڕای گه‌یاند، بێده‌نگی حكوومه‌ت مایه‌ی سه‌رسڕمانه، له كاتێكدا میلیشیاكان به به‌یاننامه‌ی فه‌رمی سنووری ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌ت ده‌به‌زێنن، له به‌رانبه‌ریشدا حكوومه‌ت وه‌كو ئه‌وه‌ی ئاگای له‌و هه‌ڕه‌شانه نه‌بێت، خۆی بێده‌نگ كردووه، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه ئه‌گه‌ر نه‌شخرێنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و ته‌نیا به زاره‌كی بمێننه‌وه، ئه‌وا ترس له دڵی سه‌رمایه‌داران و وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی دروست ده‌كات، كه له عێراق وه‌به‌رهێنان ده‌كات، وا ده‌كات بیر له جێهێشتنی عێراق بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش به ته‌واوی زیان به به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.