ماڵپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یل"ی به‌ریتانی بابه‌تێكی له‌سه‌ر بانده‌كانی بازرگانیكردن و به قاچاغ گه‌یاندنی كۆچبه‌ران به شانشینی یه‌كگرتووی به‌ریتانیا بڵاو كردووه‌ته‌وه و ئاماژه‌ی داوه، بانده‌كان له ڕێی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه قوربانییه‌كان كێش ده‌كه‌ن و ژیانیان له پێناوی پاره ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، گیان له ده‌ستدانی ماڵباته كورده‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له هه‌فته‌ی ڕابردوو له ئاوه‌كانی نێوان به‌ریتانیا و فڕه‌نسایش به نموونه‌یه‌كی زیندوو ده‌هێنێته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، ئه‌و بانده تاوانبارانه، به‌ڵێنی زۆر گه‌وره به قوربانییه‌كانیان ده‌ده‌ن و له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیش په‌ڕه‌ی تایبه‌تیان كردووه‌ته‌وه و بانگه‌شه‌ی مه‌زن ده‌كه‌ن، تا زۆرترین خه‌ڵك بكه‌نه قوربانی و داهاتێكی یه‌كجار زۆریش كۆ بكه‌نه‌وه، هه‌ندێك له به‌ڵێنه‌كانیش بریتین له گره‌نتیدان به گه‌یاندنی كۆچبه‌ران به به‌ریتانیا له ماوه‌ی ته‌نیا یه‌ك هه‌فته‌دا و بردنیان بۆ سه‌ر كار و وه‌رگرتنی مووچه‌ی به‌رز و ژیانێكی پڕ له خۆشگوزه‌رانی.
دۆخه‌كه هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو به‌شێكیان به‌ڵێن به‌و كۆچبه‌رانه‌یش ده‌ده‌ن، كه له ماوه‌یه‌كی كورت بیانكه‌ن به خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی و پاسپۆرتی فه‌رمی به‌ریتانیا، هه‌موو ئه‌وانه‌یش له تۆره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و سپۆنسه‌ری ده‌كه‌ن و ریكلامێكی فره‌وان و زۆری بۆ ده‌كه‌ن، تا ئیتر خه‌ڵكی ده‌كه‌ونه داوایانه‌وه، دواتریش هه‌موو به‌ڵێنه‌كانیان درۆ و ناڕاست ده‌رده‌چێ و پاره‌ی كۆچبه‌رانیش ده‌خۆن و خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن.
ئاماژه‌ی داوه، كه له به‌شێك له‌و په‌ڕانه‌ی له ئینستاگرام كاری له‌مجۆره ده‌كه‌ن، پاسپۆرتی ساخته‌ی به‌ریتانیان بڵاو كردووه‌ته‌وه و وێنه‌ی و ناوی ساخته‌ی ده‌خه‌نه‌سه‌ر و باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه كاری ئه‌وانه و له هه‌فته‌یه‌ك خه‌ڵكیان كردووه‌ته خاوه‌نی ڕه‌گه‌زنامه‌ی به‌ریتانی، ئه‌وانه‌ی كه تا ئێسته مافی مانه‌وه‌یشیان پێ نه‌دراوه، كه ئه‌مه‌یش دووره له ڕاستییه‌وه و هیچ بنه‌مایه‌كی نییه، ته‌نیا فێڵكردن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی كۆچبه‌رانه، تا پاره‌یه‌كی زۆریان پێ بده‌ن و دواتر خۆیانیان لێ ون ده‌كه‌ن.
به درۆ و ته‌ڵه‌كه‌بازی خه‌ریكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكن
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، كه ئه‌و باندانه كاره‌كان زۆر به به‌رنامه‌وه ده‌كه‌ن و به‌شێك له‌و خه‌ڵكه‌یشی كه جار جار ده‌گه‌نه به‌ریتانیا مه‌رجی ئه‌وه‌یان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، كه ڤیدیۆ تۆمار بكه‌ن و بۆیانی ره‌وانه بكه‌ن تا له په‌یجه‌كان بڵاوی بكه‌نه‌وه و له گرته ڤیدیۆكه‌یشدا كۆچبه‌ران دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه له ڕێی فڵانه بانده‌وه به سه‌ركه‌وتووانه و بێ هیچ مه‌ترسییه‌ك گه‌یشتووه‌ته به‌ریتانیا، ئه‌مه‌یش باوه‌ڕ لای خه‌ڵكی دروست ده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو كاروانی قاچاغی بانده‌كان بگه‌ن و به‌شی زۆریان ده‌گیرێن، یان وه‌كو ماڵباته كورده‌كه ده‌كه‌ونه ئاوه‌وه و ده‌خنكێن و كۆتایی به ژیانیان دێت.
ده‌یلی مه‌یل به وردی ئه‌و په‌ڕانه‌ی له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی دۆزیوه‌ته‌وه و باس له‌وه ده‌كات، كه ئه‌و باندانه هه‌نگاو به هه‌نگاو خه‌ڵك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و له هه‌ر هه‌نگاوێكیش بڕێك پاره‌ی زۆریان لێ وه‌رده‌گرن و ڕێگه‌یه‌كیش پڕه له سه‌ركێشی و هیچ گره‌نتی و سه‌لامه‌تی تێدا نییه، چونكه به‌شێكیان له توركیا و ئێران و عێراقه‌وه وێنه‌ی پۆل پۆلی كۆچبه‌ران بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه دێنه توركیا و له توركیا خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه ئه‌وروپا و وێنه‌كانیان له دووره‌وه ده‌گرن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه و موژده‌ی سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتنی ئه‌و كاروانه‌ی كه وێنه‌یان بڵاو كردووه‌ته‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نن، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێك لای خه‌ڵكی تر نه‌هێڵنه‌وه كه خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌ره‌و ئه‌وروپا یان به‌ریتانیا كۆچ بكه‌ن.
هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌سه‌ر بنه‌مای درۆ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن دروست ده‌كرێ، ته‌نانه‌ت به‌شێكیان باسیان له‌وه كردووه، به‌ریتانیا كه‌شوهه‌وایه‌كی زۆر تایبه‌ت و جیاوازی هه‌یه له ته‌واوی وڵاتانی دنیا، زۆر سه‌رما و به‌فری نییه و هه‌میشه كه‌شوهه‌وای وه‌كو به‌هاری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وایه و وڵاتێكی نموونه‌یییه بۆ ژینكردن، به‌ڵام سه‌رجه‌میان دوورن له ڕاستییه‌وه.
تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته سه‌كۆیه‌كی فره‌وانی بانگه‌شه‌ی ئه‌و باندانه بۆ له‌خشته‌بردنی خه‌ڵك
دۆخه‌كه هه‌ر به‌وه‌وه كۆتایی نه‌هاتووه، بگره زۆر په‌یجی تریش هه‌ن له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه بڕوانامه و به‌ڵگه‌نامه‌ی ساخته دروست ده‌كه‌ن و به په‌نابه‌رانی ده‌فرۆشنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به لێكۆله‌رانی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و دادگه‌كانی بده‌ن و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یش ده‌ده‌ن، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی كه ئه‌وان دروستی ده‌كه‌ن، پێشكه‌شی دادگه و فه‌رمانگه‌ی كۆچی بكه‌ن، ئه‌وا به ماوه‌یه‌كی كه‌م وه‌ڵامی ئه‌رێنی وه‌رده‌گرن و ده‌بنه خاوه‌نی مافی مانه‌وه‌ی له به‌ریتانیا و ده‌توانن گه‌شتی زۆرترین وڵاتی دنیایش بكه‌ن.
له كۆتاییدا ده‌یلی مه‌یل نووسیویه‌تی، سێشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو ماڵباتێكی كورد له ئاوه‌كانی نێوان فڕه‌نسا و به‌ریتانیا گیانیان له ده‌ستدا و بوونه قوربانی ئه‌و به‌ڵێن و درۆیانه‌ی بانده‌كانی قاچاغ پێیان داون، باوك و كه‌سوكاریشی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌وان ویستوویانه له ئه‌ڵمانیا یان سویسڕا جێگیر ببن، نازانن هۆی چییه و بۆچی ڕوویان كردووه‌ته به‌ریتانیا و له ڕێگه تووشی ئه‌و كاره‌ساته بوون.