مەترسی كۆرۆنا بۆ سەر كەچەڵەكان زیاترە

:: PM:04:34:01/11/2020 ‌

تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دنیا روو لە هەڵكشانە و نوێترین ئامار ئاماژە بۆ زیاتر لە 46 ملیۆن تووشبوو و ملیۆنێك و زیاتر لە 200 هەزار حاڵەتی مردن دەكات، توێژینەوەكان ئاماژە دەكەن ئەوانەی كەچەڵن ئەگەری زیاتری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە.
ژمارەیەكی زۆری ئەوانەی بە سەختی تووشی كۆرۆنا بوونە كەچەڵن
توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر لەناو ئەو كەسانە بڵاوبووەتەوە كە كەچەڵن و حاڵەتەكەشیان پێوەستە بە چەند هۆكارێكی پێوەندیدار بە ئاستەكانی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆنەوە، كاتێك ئەو هۆرمۆنە هۆرمۆنێكی تر بەناوی دیهایدرۆ تێستۆستیرۆن بەرهەم دێنێ كە بەرپرسە لە كەچەڵی، دەكرێ هەر ئەوەیش هۆكاری ئەوە بێ پیاوانی كەچەڵ زیاتر بە سەختی تووشی كۆرۆنا ببن، وەك ماڵپەڕی "9News "ی ئوسترالی باسی كردووە.  

سانجایا سینانایاكی، شارەزای نەخۆشییە پەتاییەكان، دەڵێت، سەبارەت بە كەچەڵی توێژینەوەكان لە ئیسپانیا دەریان خست كە ژمارەیەكی زۆری ئەوانەی بە سەختی تووشی كۆرۆنا بوونە پیاوانی كەچەڵن، رەنگە ئەو حاڵەتە سەیر بێت، بەڵام بنەمایەكی بایۆلۆجی هەیە بەوەی پیاوانی كەچەڵ ئاستێكی بەرزی دووەم هایدرۆ تیستۆسترۆنیان هەیە، ئەوەیش یارمەتی ڤایرۆسەكە دەدا بۆ ئەوەی ئاسانتر بچێتە ناو خانەكانی لەشەوە. 

لەوكاتەی توێژینەوەیەك لە ئیتاڵیا ئاماژەی كردووە ئەو پیاوانەی شێرپەنجەی پرۆستاتیان هەیە و دەرمانی دژە تێستۆستیرۆن وەردەگرن، بە چوار هێند كەمتر ئەگەری تووشبوونیان بە كۆرۆنا هەبووە، سینانایاكی روونی كردەوە، رەنگە خاوەنی هەندێك جۆری كۆمەڵەی خوێن زیاتر ئەگەری تووشبوونی توندیان بە كۆرۆنا هەبێت، بەشێوەیەك كۆمەڵەی ئۆ بەرگری زیاتر هەیە و كۆمەڵەی ئەی توندتر تووشی دەبن، رەنگە هۆكارەكەیش بۆ ئەگەری كەمتری خوێنمەیین لە كۆمەڵەی ئۆ بێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل