سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لێشاوی فرۆشتن و داگیركاری لە سلێمانی بۆ سەر زەوییەكان دەستی پَی كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 19ـی ئەیلوول، دابان محەمەد سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی، لێشاوێك لە داگیركردن، ئیفرازكردن، دابەشكردن و فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی دەستی پێ كردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی، زەویی تەرخانكراو بۆ سەوزایی گەڕەكەكان و شوێنی قوتابخانە و مزگەوت و نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییەكانی تر دەستی بۆ ببرێت.
مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە زەوییانەدا نەكەن، بە یاسا لەم خولەی پەرلەمان زیادەڕۆ قەدەغە كراوە
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان ڕوونی كردووەتەوە، بە ئامێری پێشكەوتوو لە ئاسمانەوە زەویی ئیفراز دەكرێت و بە دەغڵودانەوە مامەڵە بە زەوییەوە دەكرێت، بە سەوزایی و دار و درەختەوە نەخشەی بازرگانی بۆ دەكێشرێت، فشار لە خاوەن زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكرێت، یان ڕازبن بە پارچە پارچەكردن و دابەشكردنی زەوییەكانیان، یان داگیر دەكرێت.
باس لەوەش دەكات، داواكارم لە نووسینگەكانی خانووبەرە و هاووڵاتییانیش، مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە زەوییانەدا نەكەن، بە یاسا لەم خولەی پەرلەمان زیادەڕۆ قەدەغە كراوە و زیانمەندی یەكەم و كۆتایی ئەوان دەبن.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی گۆڕان ئاشكرای دەكات، چەندان بەرپرسی تەناهی، سەربازی، حزبی و حكوومی كە ناوی بەرپرسەكان و بازرگان و تەنانەت دەڵاڵەكانیش لای ئێمە ئاشكرایە، مامەڵەی پێوە دەكەن.
ماوەی مانگێكە سووتانی چەند دارستان و شوێنی سەوزایی، لای هاووڵاتییان بووەتە جێی پرسیار و گومانی دەستی ئەنقەستی لێ دەكرێت.