سەرۆک فراکسیۆنەکان دەتوانن داوای ڕوونکردنەوەی زیاتر لە سەرۆکی حکوومەت بکەن

:: AM:10:25:04/10/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، لەسەر ئەو بابەتانەی سەرۆكی حكوومەت لە پەرلەمان پێشكەشی دەكات، سەرۆك فڕاكسیۆنەكان دەتوانن داوای ڕوونكردنەوەی زیاتر بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، شوان كەریم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی سەرۆكی حكوومەت لە كاتی سەردانی بۆ پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی چەند بابەتێك زانیاری ئاشكرا دەكات.

بەڵكو سەرۆك فڕاكسیۆنەكان بۆ روونكردنەوەی بابەتێك یان داواكردن بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن پرسیار بكەن
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەموو پەرلەمانتاران ناتوانن پرسیار بكەن، بەڵكو سەرۆك فڕاكسیۆنەكان بۆ روونكردنەوەی بابەتێك یان داواكردن بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن پرسیار بكەن.

باسی لەوەش كرد، پرسیاری سەرۆك فڕاكسیۆنەكان لە چوارچێوەی ئەو بابەتانە دەبێت كە سەرۆكی حكوومەت لە پەرلەمان زانیاریی پێشكەش دەكات.

بڕیارە سبەی دووشەم پێنجی تشرینی یەکەم، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بکات کە خۆی داوای کردووە، تێیدا سەرۆكی حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گوتارێك پێشكەش بکات.





وشە - رامیار جەواد