وەزارەتی خوێندنی باڵا زانیاریی لەسەر خوێندنی قوتابیانی زانكۆ ئاشكرا كرد

:: PM:01:28:04/10/2020 ‌
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت، بەشی زۆری خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان لەناو زانكۆكانە و هەموو ئامادەكارییەكانیش كراوە.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوە خوێندن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ دەكاتەوە.

تەنیا چەند وانەیەك بە ڕێی ئۆنلاین دەبێت
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، دەستپێكردنەوەی خوێندن بەپێی ئەو پلانە دەبێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا دانراوە كە سەرجەم وانە پراكتیكییەكان و تاقیكردنەوەكان لەناو زانكۆكان دەبێت.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، زۆرترین كات قوتابی لەناو زانكۆكان ئامادە دەبێت و سەرقاڵی خوێندنەكەی دەبێت، تەنیا چەند وانەیەك بە ڕێی ئۆنلاین دەبێت.

لەبارەی ئەگەری باشبوونی دۆخی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەی سەرجەم قوتابیان بۆ هۆڵەكانی خوێندن گوتی، ئێمە پلانمان داناوە لە هەر پێشهاتێكی نوێ‌ كە پێویست بێت بەپێی پلانەكە گۆڕانكاری دەكەین.

لە سەرەتای مانگی ئەیلوول لە هەرێمی كوردستان، بڕیار لە دەستپێكردنەوەی خوێندن درا، ئەوەیش دوای پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.



وشە - رامیار جەواد