ئەگەر كۆرۆنا رێ لە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بگرێت چی روو دەدات؟

:: PM:01:55:04/10/2020 ‌
كەمتر لە یەك مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ كاندیدی حزبی كۆماریخوازی ئەمەریكا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، ئەو بابەتە پرسیاری زۆری ورووژاندووە، چارەنووسی هەڵبژاردن و بەتایبەتی ترەمپ چی لێ دێت؟
کشانەوەی ترەمپ دەبێتە هۆی سەرلێشێوانی ملیۆنان كەس كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنگیان داوە

رۆژی یەكی تشرینی یەكەم، ئەنجامی پشكنینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوسەرەكەی دەرچوو و بەپێی ئەو پشكنینە، دەركەوت هەردووكیان تووشی ڤایرۆسەكە بوون، پزیشكەكان پێیان راگەیاند دەبێ ماوەی 10 رۆژ خۆی كەرەنتین بكات، بەو پێیە ئەگەر دۆخی تەندروستی بەرەو خراپبوون نەچێت، دەتوانێ لە دیبەیتی 15 ئۆكتۆبەر لەگەڵ جۆ بایدنی ركابەری بەشداری بكات.

تا ئێستە تیمی پڕوپاگەندەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەكان میتینگێكی هەڵوەشاندووەتەوە كە بڕیار بوو لە فلۆریدا بەڕێوەی ببات و هاوكات كۆنفرانسێكی ڤیدیۆییش كە بڕیار بوو تێیدا بۆ بەساڵاچووان قسە بكات، بۆ "كاتێكی تر" دواخراوە.
دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەدرێتە بەتەمەنترین سیناتۆری كۆماریخوازەكان

لە چ بارودۆخێكدا هەڵبژاردن دوا دەكەوێت؟
ماوەی كەرەنتینی ترەمپ كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، بۆیە ئێستە ئەو پرسیارانە دێنە پێشەوە، ئایا دەكرێ هەڵبژاردنەكان دوا بخرێن و ئەو دواخستنە بە چ شێوەیەك دەبێت؟

بەپێی دەستووری ئەمەریكا، هەڵبژاردن سەرۆكی ئەمەریكا چوار ساڵ جارێك و رۆژی سێشەم، دوای یەكەم دووشەمی مانگی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئەمساڵ رۆژی سێشەم، سێی نۆڤێمبەر هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت.

گۆڕینی رێكەوتی هەڵبژاردن لە دەستی سەرۆك كۆمار نییە
ئەگەر پێویست بە هەر گۆڕانكارییەك لە رێكەوتی هەڵبژاردنەكان بێت، پێویستی بە دەنگی زۆرینە لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی زۆرینەی كۆنگرێس لە دیموكراتەكان پێك هاتووە، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن دوورە لە چاوەڕوانی.
دەبێ کۆماریخوازەکان جارێکی تر لە رێگەی دەنگدان کاندیدی جێگرەوە هەڵبژێرن

بەڵام ئەگەر ترەمپ نەتوانێ درێژە بە كارەكانی بدات چی روو دەدات؟
ئەگەر نەخۆشییەكەی ترەمپ قورستر بێت و نەتوانێ درێژە بە كارەكانی بدات، بەپێی یاسای ژمارە 25ی دەستووری ئەمەریكا دەسەڵاتەكانی دەداتە جێگرەكەی، بەو پێیە مایك پێنس وەك بریكاری سەرۆك دەستبەكار دەبێت، لەو حاڵەتەدا ترەمپ دوای چاكبوونەوەی پۆستەكەی وەردەگرێتەوە.

ئەگەر سەرۆك تا ئەو ئاستە نەخۆش بكەوێت كە نەتوانێ دەسەڵاتەكانی رادەستی جێگرەكەی بكات، كابینەی ترەمپ و جێگرەكەی دەتوانن رای بگەیەنن توانای درێژەدان بە كارەكەی نییە و مایك پێنس لەبری ئەو كارەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەڕێوە دەبات.

بەڵام ئەگەر مایك پێنسیش توانای ئەوەی نەبێت كارەكانی سەرۆك راپەڕێنێت، بەپێی یاسای جێگری سەرۆك كۆمار، دەسەڵات دەدرێتە دەست نانسی پیلۆسی سەرۆكی كۆنگرێس، لەسەر ئەو بابەتە پسپۆڕانی دەستووری ئەمەریكا پێیان وایە ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات لە كۆماریخوازانەوە بۆ دیموكراتەكان، ئەمەریكا بەرەو شەڕی بیرۆكراسیی و یاسا پەلكێش دەكات.
حزبی كۆماریخواز دەتوانێ لەڕێی دادگاوە دەنگەكانی ترەمپ بخاتە سەر ناوی كاندیدە نوێیەكە

لەو حاڵەتەدا ئەگەر نانسی پیلۆسیش ئامادە نەبوو پۆستەكە وەربگرێت، دەسەڵاتەكانی سەرۆك دەدرێتە بەتەمەنترین سیناتۆری كۆماریخوازەكان كە ئێستە چارڵز ئەی گراسكی /78 ساڵ/ بەتەمەنترین سیناتۆری كۆماریخوازەكانە لە كۆنگرێس.

ئایا لە مێژووی ئەمەریكا سەرۆكێك هەبووە نەتوانێ درێژە بە كارەكانی بدات؟
ساڵی 1985 كاتێك سەرۆك رۆناڵد ریگان بۆ نەشتەرگەریی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە خەوێنرا، دەسەڵاتەكانی درایە جۆرج ئێچ دەبلیو بوش كە ئەوكات جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بوو.

لە ساڵەكانی 2002 و 2007یش جۆرج بوش سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا بەهۆی وەرگرتنی چارەسەر و بەكارهێنانی هێوركەرەوە دەسەڵاتەكانی خۆی بە جێگرەكەی سپارد.

ئەگەر ترەمپ نەتوانێ لە هەڵبژاردن بەشداری بكات كێ جێی دەگرێتەوە؟
ئەگەر بەهەر هۆكارێك كاندیدێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە لەلایەن حزبەكەیەوە دەستنیشان كراوە، نەتوانێ درێژە بە كارەكەی بدات، چی روو دەدات؟ بۆ ئەوە كۆمەڵێك رێكاری روون و ئاشكرا هەن.

ئەگەرچی مایك پێنس لە چركەی یەكەمەوە دەسەڵاتەكانی ترەمپی لە پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكا پێ دەدرێت، بەڵام مەرج نییە بە هەمانشێوە ببێت بە كاندیدی حزبی كۆماریخواز، لەبەر ئەوەی حزب بە فەرمی دۆناڵد ترەمپی وەك كاندیدی خۆی بەربژێر كردووە.

بەپێی پێڕەوی حزبی كۆماریخوازی ئەمەریكا، 168 ئەندامی كۆمیتەی نیشتمانی بۆ دەستنیشانکردنی كاندیدێكی نوێ هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن و ئەگەر هەیە مایك پێنس یەك لەو كاندیدانە بێت، ئەگەر مایك پێنس زۆرینەی دەنگی حزبەكەی بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێ جێگرێكی تر بۆ سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت.

تا ئێستە هیچ كام لە حزبی دیموكرات و كۆماری ئەمەریكا بۆ جێگری كاندیدە فەرمییەكانیان لە هەڵبژاردنی سێی تشرینی دووەم كەسیان دیاری نەكردووە.

چارەنووسی ئەو دەنگانە چی لێ دێت كە تا ئێستە خراونەتە سندووقەكانەوە؟
بەرپرسانی هەڵبژاردن لە ئەمەریكا دەڵێن، ئەو بابەتە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانی ملیۆنان كەس لە ئەمەریكا كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنگیان داوە و دەنگدانی راستەوخۆش لە چەند ویلایەتی ئەمەریكا دەستی پێ كردووە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، ئەوانەی دەنگیان بە دۆناڵد ترەمپ داوە، ئەگەر نەتوانێ درێژە بە كارەكەی بدات، ئەوا دەنگەكان بەناوی ئەو تۆمار دەكرێن، بەڵام حزبی كۆماریخواز دەتوانێ لەڕێی دادگاوە دەنگەكانی ترەمپ بخاتە سەر ناوی كاندیدە نوێیەكەی كە وەك جێگرەوەی دۆناڵد ترەمپ دەستنیشان دەكرێت.



وشە - هیدایه‌ت جان