"چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان هەنگاوێكی بەرپرسیارانە و ئازایانەیە"

:: PM:03:00:04/10/2020 ‌
ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان هەنگاوێكی بەرپرسیارانە و ئازایانەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، مەسعوود حەیدەری ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان هەنگاوێكی بەرپرسیارانە و ئازایانەیە لە دۆخێكی نائاسایی لە كوردستان دەگوزەرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو ڕوونی كردووەتەوە، چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان لە هەمان كاتدا دووپاتكردنەوەی دنیابینیی سەرۆكی حكوومەت و كابینەكەی دەردەخات.
دووپاتكردنەوەی دنیابینیی سەرۆكی حكوومەت و كابینەكەی دەردەخات

باسی لەوەش كردووە، چوونی سەرۆكی حكوومەت بۆ پەرلەمان گەیاندنی پەیامی پێكەوە كاركردنە بەرەو باشتر و هاوئاهەنگی زیاتر لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی تەشریعی.

لە كۆتایی نووسینەكەی ڕوونی كردووەتەوە، ئەم سەردانە پەیامێكی گرنگە بۆ حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش بۆ بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە كە هەرێمی كوردستانی پێدا گوزەر دەكات، دانانی چوارچێوەیەك بۆ بابەتە نیشتمانییەكان و دووركەوتنەوە لە پەیامی پۆپۆلیستی و زەروورەتی  چارەسەركردنی كێشەكان پێكەوە و بە یەكهەڵوێستی.

بڕیارە سبەی دووشەم پێنجی تشرینی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەشداریی دانیشتنی پەرلەمان بكات كە خۆی داوای كردووە، تێیدا سەرۆكی حكوومەت لەسەر جێبەجێكردنی كارنامەی چاكسازیی كابینەی نۆیەم و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق و شیكردنەوەی دۆخی دارایی و تەندروستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و لێكەوتەكانی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، گوتارێك پێشكەش بكات.



وشە - رامیار جەواد