نەدانی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بووەتە بابەتی گەرمی چالاكان و هاووڵاتییانی عێراقی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە جۆرێك تۆڕەكانی كۆمەڵایەتییان پڕ كردووە لە وێنەی گاڵتەجاڕی و گاڵتەكردن بە حكوومەت.
ئێستە كاتی خۆپێشاندانی ڕاستەقینەیە
ماوەی 50 ڕۆژ تێپەڕ دەبێت و حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات، دەنگۆیەك هەیە سبەی مووچە دابەش بكات، بەڵام تا ئێستە ئەوەیش بەتەواوی ڕوون نییە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هاووڵاتییان چەندان وێنەی و پۆستی گاڵتەجاڕییان بەرانبەر حكوومەتی عێراقی بڵاو كردووەتەوە، یەكێك لەوانە لە پێگەی بەغدایە لە فەیسبووك كە كۆمەڵیك هاوڕێ لەبەر نەبوونی مووچە و وەرنەگرتنی بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگ، ژمارەیەكی ڕۆژی لەدایكبوونی هاوڕێكەیان نەنووسیوە لە شوێنیدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە مووچە نییە بۆیە.
لە پۆستێكی تر هاووڵاتییەك بەناوی "سەیف عێراقی" لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی بەفرگرەكەی بە بەتاڵ وێنەكەی بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی، "هۆكاری ئەم چۆڵییەی بەفرگرەكەم هەمووی دواكەوتنی مووچەیە"، هاووڵاتییەكی تر بەناوی "عیما جبووری" وێنەیەكی هونەرمەندی ناوداری میسری داناوە كە لە فیلمێكدا ڕۆڵی سواڵكەر دەگێڕێت، ئەویش وەك تەنز ڕای گەیاندووە، "دوای هەفتەیەك مووچەمان نەیەت، هەموومان دەبینە سواڵكەر".
ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، ڕەحمە تەمیمی چالاكی خۆپێشاندانەكانی شاری بەغدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە كاتی خۆپێشاندانی ڕاستەقینەیە و میلەت لە باشوورەوە تا باكور بەدەست حكوومەتی بەغداوە برسی دەكرێت".
زیاتر گوتی، "حكوومەت لە بەغدا بوونی نییە و چەندان گرووپ و میلیشیا ئەم شارەیان گرتووەتە خۆیان، ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی بەغدان، لە داهاتوودا ئەگەر بێدەنگ بین برسیەتی وەك ساڵانی 1990 بەچاوی خۆمان دەبینینەوە، بۆیە پێویستە لە مافەكانی خۆمان خۆش نەبین".
ڕوونی كردەوە، "هاووڵاتییان تووشی چەندان كێشە بوونەتەوە و دۆخی هاووڵاتییانی خاوەن مووچە، ئەوانەی كە فەرمانبەرن و جگە لە مووچە كاری تریان نییە زۆر خراپە، هەژاری لە عێراق زیاد بووە و زیاتریش دەبێت بەهۆی نەبوونی پلان لەلایەن حكوومەتەوە بۆ چاكسازیی ڕاستەقینە".
ئەمە جگە لەوەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ڕای گەیاند، "تا یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەكرێت، ناتوانن مووچە دابەش بكەن". تا ئێستەیش بەفەرمی وەزارەتی دارایی هیچ وادەیەكی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دیاری نەكردووە، ئەوە لەكاتێكدا پێشتر لە ناوەڕاستی هەموو مانگێك حكوومەتی عیراقی دەستی بە دابەشكردنی مووچە دەكرد.
حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش تا ئێستە مووچەی مانگی نیسانی ئەمساڵی فەرمانبەرانی دابەش نەكردووە و چاوەڕوانی 320 ملیار دینار دەكات كە بەغدا ڕەوانەی هەرێمی بكات بۆ مووچەی فەرمانبەران. لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بەفەرمی ڕای گەیاندووە نیوەی مووچەی كە لەڕێی داهتی ناوخۆ و نەوتەوە دەستی دەخات، ئامادەیە و هۆكاری دوا كەوتنەكەی بەغدایە.
لە بەرانبەر ئەم هەموو گەندەڵی و نەدانی مووچە بۆ ماوەی 50 ڕۆژ بە فەرمانبەرانی عێراقی و نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و خراپی دۆخی تەناهی و هێرشكردنە بەردەوامی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و كوشتنی هاووڵاتییان بە ڕۆژی ڕووناك، زۆربوونی دزی و تەقینەوەیش، چەندان میدیای ناوخۆی كوردستان هەن كار بۆ ئەوە دەكەن حكوومەتی عێراق بە باشی پێشان بدەن و ڕاستییەكان لە هاووڵاتییان بشارنەوە.