لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا كە ئاراستەی پەرلەمانی كردووە و میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردووەتەوە، ئاشكرایان كردووە، "ئەم دۆخە ئاوا بەردەوام بێت، لە شەش مانگی داهاتوو عێراق ئیفلاسی خۆی ڕادەگەیەنێت و بەتەواوی مایەپووچ دەبێت و هەرەس دەهێنێت."
ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، نووسراوێكی لیژنەی دارایی بڵاو بووەتەوە و تێیدا نووسراوە، "ڕۆژی 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ پەرلەمان ماوەی 60 ڕۆژی وەك مۆڵەت بۆ چاكسازی بە حكوومەتی عێراق دا، بەڵام حكوومەت لەبری چاكسازی پڕۆژەیەكی ناردووەتە پەرلەمان و بەبێ ئاماژەكردن بە چاكسازی داوای ڕەزامەندی بۆ وەرگرتنی قەرز دەكات."
زیاتر هاتووە، "كاری وەزارەتی دارایی تەنیا بووەتە قەرز وەرگرتن و ئەگەر بەمشێوەیەش بەردەوام بێت، ئەوا عێراق لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا مایەپووچ دەبێ و بەتەواوی هەرەس دەهێنێت."
ئاماژە كراوە، "حكوومەت پێدانی مووچەی بە فەرمانبەران بە قەرزكردن بەستووەتەوە و بەوەیش مایەپووچبوونی عێراق دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان، لەكاتێكدا دابەشكردنی مووچە ئەرك و بەرپرسیارێتی حكوومەتە نەك پەرلەمانی عێراق".
ئەوەیش لە كاتێكدایە كە پێشتر عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بە فەرمی ڕای گەیاند، "مووچەی ئەم مانگەی خانەنشینكراوان بەبێ هیچ كێشەیەك دابەش كراوە و لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوو دەست بە پێدانی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەكرێ، هەروەها پێویستە بزانن كە پێدانی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران لە عێراق بەندە بە پەسندكردنی پڕۆژەیاسای وەرگرتنی قەرز لەلایەن پەرلەمانەوە."
ماوەی 50 ڕۆژ تێپەڕ دەبێت و حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە مووچەی فەرمانبەرانی دابەش بكات، دەنگۆیەك هەیە سبەی مووچە دابەش بكات، بەڵام تا ئێستە ئەوەیش بەتەواوی ڕوون نییە.