نزار لەسەر كلیپە نوێیەكەی لەگەڵ سەروەر نهێنی ئاشكرا دەكات

:: PM:04:27:04/10/2020 ‌
دوای ئەوەی نزار زێوەیی و سەروەر قادر موزیكژەنانی ناسراوی كورد، نوێترین ڤیدیۆ كلیپی موزیكی خۆیان بە ناوی "لە بری وتن" بڵاو كردەوە، لەوبارەیەوە نزار لەسەر كلیپە نوێیەكەی لەگەڵ سەروەر نهێنی ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری تشرینی یەكەم، نزار زێوەیی موزیكژەنی كورد بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "(لــەبــری وتـــن) نوێترین بەرهەمی تایبەت بەخۆمانە كە بە ئامێری (تار و زەڕب) ژەنراوە، جۆری بەرهەمەكە موزیك بوو".

زیاتر گوتی، "بەشدارانی كلیپەكە بەندە بە تار و سەروەر قادر بە زەڕب، هەروەها نەبەز گۆران بە تێكست لە ستۆدیۆ (گرووپی موزیكی لوڕ) كارە هونەرییەكانی بۆ كراوە".

ڕوونی كردەوە، "زۆر شت هەن كە بەزمانی ئاسایی ناگوترێت، ئەگەر تواناش هەبێت بەڵام زمان بەجۆرێك بێ كەڵك كراوە لەلایەن مرۆڤەوە كە توانا ڕاستەقینەكەیان لێ سەندووەتەوە و بووەتە كاڵایەك بۆ زۆر شتگەلێك كە دڵمان و دەروونمان نایخوازێت. (ئێمە پێویستمان بەزمانێكە كە دەرخەر و پەیامنێر و دەڕبڕی نەگوتراوەكان بێت)، بۆیە كە موزیك دەست پێ دەكات، دەبێت زمان بوەستێت، دەبێت گوێیەكان و هەستەكان خۆیان ئامادە بكەن بۆ پەیامگەلێكی نەگوتراو و نەبیستراو، منیش زیاتر لەسەر ئەم بابەتە نادوێم! جێی دێڵم بۆ (تار و زەڕب) جێی دێڵم بۆ موزیكی (لەبری وتن)".

نزار زێوەیی و سەروەر قادر، ئەندامی گرووپی موزیكی لوڕن، چەندان كاری موزیكیان بۆ گۆرانیبێژانی تر‌ ئەنجام داوە.



وشە - محەمەد میران