نزیكەی هەفتەیەكە جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ دەستی پێ كردووە، تا ئێستە زیانی گیانی زۆر، دەگاتە سەدان سەرباز و هاووڵاتی، لە هەردوولا كەوتووەتەوە، جیا لە تێكشكانی ئامرازێكی زۆری جەنگ لە تانك و فرۆكە بە هەموو جۆرەكانییەوە، لەو ناوەدا ئێران و توركیا دوو هەڵوێستی جیاوازیان بەرانبەر دوو لایەنی شەڕكەرەوە هەیە، كاتێك توركیا پاڵپشتی لە ئازەربایجان و ئێرانیش پاڵپشتی لە ئەرمینیا دەكات.
فرەوانبوونی دەسەڵاتی توركیا ئێرانی نیگەران كردووە
راپۆرتەكان ئاماژە بۆ نیگەرانییەكی گەورەی ئێران لە پەرەسەندنی جەنگەكە دەكات، چونكە ئەوە دۆخەكە بەرەو دوو پێشهاتی مەترسیدار بۆ ئێران دەبات، یەكەم زیندووكردنەوەی هەستی جیاخوازی لای ملیۆنان هاووڵاتی ئازەری ئێرانی و دووەم فرەوانبوونی دەسەڵاتی توركیا لە ئاسیای ناوەڕاست كە بە نەوت و گاز دەوڵەمەندە، كە رەنگە ئەوە ببێتە مایەی گەمارۆدانی ئێران و تێكچوونی پلانی بۆ بوون بە یاریكەرێكی سەرەكی لە ناوچەكە بەسوودبینین لە هاوپەیمانی لەگەڵ رووسیا.
سەرەڕای ئەوەی ئێران سوورە لەسەر خۆدەرخستنی وەك بێلایەن بەرانبەر بە ململانێ لەبارەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغ، راپۆرتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن تاران رێگەی داوە بە تێپەڕبوونی چەك و كەرەستەی سەربازی رووسیا بەرەو ئەرمینیا، جیا لەوە كۆكی خۆی لەگەڵ مۆسكۆ نەشاردەوە لەبارەی دانانی توركیا بە بەرپرسیار لە ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە لە رێگەی رەوانەكردنی شەڕوانی بەكرێگیراوی سووریا بۆ هەرێمەكە و پاڵپشتیكردنی ئازەربایجان.
چاودێران پێیان وایە ئەو نیگەرانییەی ئێران هەیەتی لەبارەی فرەوانبوونی رۆڵی توركیا لە ناوچەكە، زیاتر پێوەستە بە زیادبوونی دەسەڵاتی ئەنقەرە لە ناوچەكانی جموجۆڵی تاران، لەوانە لە سووریا و لە عێراق و یەمەن و لە وڵاتانی ئەفریقیا، جیا لەوە ئێرانییەكان بە نیگەرانییەوە سەیری رۆڵی توركیا لە ئاسیای ناوەڕاست دەكەن، بەتایبەتی كە توانی سوود لە مێژووی وەربگرێ بۆ دامەزراندنی جیهانێكی توركی لە نێوان كۆمارە ئیسلامییەكانی بە توركی قسە دەكەن، لەوكاتەی ئێران شكستی هێنا لە فرەوانخوازییەك خواستە ئیمپراتۆریەتەكانی تێر بكات.
چاودێران پێیان وایە رۆلی ئێران لە ململانێی ئازەربایجان و ئەرمینیا سنووردار دەمێنێتەوە، ئەوەیش زیاتر رۆڵی چاودێریكارە، بەڵام رەنگە كاریگەرییەكانی جەنگەكە بگاتە ئێران زیاتر لە توركیا یان رووسیا بەهۆی كێشەی ئازەربایجانی ئێرانییەوە و خواستی ملیۆنان ئازەری بۆ جیابوونەوە لە ئێران، ئێستە 10 ملیۆن ئازەری لە كۆی 80 ملیۆن دانیشتوانی ئێران لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە هەن و شارەزایان پێیان وایە رەنگە كێشەی ئەوانە ببێتە بۆمبێكی دانراوە و لاگیریی ئێران بۆ ئەرمینیا لە جەنگەكەیش كێشە ناوخۆییەكانی ئێران زیاتر دەكات، كاتێك جیا لەوە پاڵپشتی ئێران بۆ ئەرمینیا هۆكارێكی ئابووریشی لەپشتە بەهۆی بازرگانی مادەی كحول كە دەسەڵاتدارانی ئێران سوودی لێ دەكەن.
هەرچی توركیایە، لەگەڵ ئازەربایجان ئەنجوومەنێكی هاریكاری ستراتیجیان هەیە كە قووڵی پێوەندییەكانیان لە هەموو بوارەكان پێشان دەدات، لەوانەیش لە بوارەكانی ئابووری و سەربازییەوە، ئازەربایجان نەوت و گاز بە توركیا دەدات، جیا لەوە وەبەرهێنانێكی گەورەی لە توركیای نوێدا هەیە و چەندان پڕۆژەی گەورەی توركیایش لە ئازەربایجان هەن، كە رەنگە بكرێنە ئامانج، لەوان هیڵی ئاسنین و هیڵی گواستنەوەی وزە لە باكۆوە بەرەو بەندەری جەیهانەوە.
ئیسماعیل كایا، نووسەری تورك دووپاتی كردەوە، لە ململانێی ئازەربایجان و ئەرمینیا تەواوی پارتە سیاسییەكانی توركیا پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكەن، ئەوەیش بەهۆی وابەستەی نەتەوەیی و ئەتنی و مێژوویی نێوان هەردوو دەوڵەت، بۆیە تەنانەت ئەگەر دەستوەردانی سەرازی توركیاش هەبێت ناڕەزایەتی و كێشە دروست نابێت، ئەگەرچی ئەوە مەترسی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ رووسیا دێنێتە ئاراوە كە بەهێزترین پاڵپشتی ئەرمینیایە.
زیاتر گوتی، نازانرێت ئەو هێز و كەرەستە سەربازیانەی بەر لە مانگێك بەشداری مانۆرێكی هاوبەشی توركیا و ئازەربایجانیان كرد گەڕاونەتەوە توركیا یان مەبەستی مانۆرەكە مانەوەی هێزەكان بووە لەوێ وەك ئامادەسازی بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەك، ئەو نووسەرە دووپاتی كردەوە، توركیا و ئازەربایجان بەرژەوەندی ستراتیجی بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە پێوەست بە هیڵی گواستنەوەی گازەوە، جیا لە پێگەی ئازەربایجان لە بازاڕی وزە و مەترسییەكانی هەر رووبەڕووبوونەوەیەك بۆ سەر ئەو بڕە وزەی دەگاتە توركیا و پێویستی زۆری ئازەربایجان بۆ توركیا وەك دەروازەیەك بۆ دنیای دەرەوە، جیا لە بوونی ئازەربایجان وەك دەروازەیەكی بۆ توركیا بەرەو دنیای كۆن لە قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست، ئێستە توركیا بۆ ئەوەی نەكەوێتە بەرانبەر رووسیا هەوڵی فرەوان نەبوونی كێشەكە دەدات، بەڵام ئەگەر جەنگەكە فرەوان بوو توركیا راستەوخۆ دەچێتە ناو جەنگەكەوە.
شایەنی باسە لە 1992ەوە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباغی ئەرمەننشین، كە بەشێك بووە لە خاكی ئازەربایجان، بە پاڵپشتی ئەرمەنستان جیا بووەوە، ریشەی ململانێكە بۆ 1915 دەگەڕێتەوە، ئەوكاتەی ئەرمەنەكان لە سوپای عوسمانی هەڵگەڕانەوە و پاڵپشتیان لە سوپای رووسیا كرد، بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی ئەرمەنستان لە ناوچەی ئەنەدۆڵ و لە جەنگی یەكەمی جیهانیش لە 1914 دژ بە سوپای عوسمانی شەڕیان كرد.