هەواڵگری چین و سیخوڕییەكی زیرەكانە لە جیهان

:: PM:07:08:04/10/2020 ‌

چین بارەگا و دامەزراوەی تایبەت بە سیخوڕی لە دنیادا نییە، ئەو بۆ سیخوڕیكردن پشت بە كۆمپانیا و رۆژنامەوان و كەسانی ئەكادیمی بە شێوازێكی یاسایی دەبەستێت، بە پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا، بە مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاری سەربازی و تەكنۆلۆجیای نهێنی، هەواڵگری چین پشت بە ئامراز و شێواز و تەكتیكی تەواو جیاواز دەبەستێت بە بەراورد بە وڵاتانی رۆژئاوا، شارەزایەكی ئیتاڵی تیشك دەخاتە سەر چۆنیەتی كاركردنی هەواڵگری چین گەورەترین ركابەری ئەمەریكایە.  
سیخوڕەكانی چین دیار نین و نادۆزرێنەوە
جیانكارلۆ ئیلیا فالۆری، توێژەر و شارەزای ئابووری ئیتاڵی، تیشك دەخاتە سەر شێوازی كاركردنی هەواڵگری چین، كە خاوەن زیاترین دانیشتوان و دووەم گەورەترین هێزی ئابوورییە لە جیهان، ئەو چۆن زانیاری سەربازی و تەكنۆلۆجی لە رۆژئاوا دەست دەكەوێت؟، بۆ ئەوە دەزگا تەناهییەكان و بەرپرس لە سیخوڕیكردن و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، چەندان رێگە و ئامرازی ئاڵۆز و زیرەكانە دەگرنە بەر بۆ دەستخستنی زانیارییە نهێنییەكان. 

لە 2010 كۆمپانیای گووگڵ و دەیان كۆمپانیای تەكنۆلۆجی و راگەیاندنی ئەمەریكی دووچاری هێرشێكی فرەوانی ئەلیكترۆنی لە لایەن گرووپی "ئورۆرا" هاتنەوە، كە كۆمەڵە هێرشێكی سیبرانییە و سەرچاوەكەی چینە و راستەوخۆ پێوەندی بە سوپای رزگاریخوازی میلی چینەوە هەیە، مەبەستیش لەو هێرشانە دەستكەوتنی زانیاری ئابووری و تەكنۆلۆجی گرنگ بوو بۆ چین و پێشێلكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئەمەریكا بە شێوەیەكی نافەرمی و بێ گەیاندنی زیانێكی گەورە بەو پێوەندیانە.

ئەو توێژەرە ئیتاڵییە كە تایبەتمەندە لە كاروباری چینی لە شیكارییەك لە ماڵپەڕی "مۆدێرن دیپلۆماسی"ی ئەوروپای تایبەت بە دۆسیە نێودەوڵەتییەكان بڵاو كراوەتەوە دەڵێت، هەواڵگری چین شێوازی كاركردنی تەواو جیاوازیان هەیە بۆ دەستخستنی زانیاری نهێنی، ئەوان خاوەن رێكخستن و تەكنیكی ئاڵۆزن بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسیانەی خزمەتگوزارییەكان، كە یەكەم دەزگای هەواڵگری لە چین لە 625ی زاینی لەسەردەمی ئیمپراتۆر وو چاو دامەزرا، ئێستە ئەو دەزگایە دەكەوێتە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەت، توێژەرەكە روونی كردەوە، دەزگەی هەواڵگری چین پێچەوانەی ئەوەی یەكێتی سۆڤیەتی كۆن، كەمتر خولیای پێوەندی بووە لەگەڵ سەرچاوەكانی دەرەكی، بەڵكو پشتی بە سەرچاوەی ئەتنی چینی بەستووە لە سیخوڕیكردن.

هەواڵگری چین بەرانبەر بە دەستكەوتنی زانیاری لە دەرەوە پارە و بەرانبەر نابەخشێت، بەڵام یارمەتی كەسوكاری ئەو چینیانە دەدات كە لە دەرەوەن لە بواری تردا، تەنانەت ئەوان بارەگایش بۆ سیخوڕیكردن لە دەرەوە ناكەنەوە و بەدەگمەن كۆبوونەوە ساز دەكەن پێوەندیكردنی نهێنیش بەكار ناهێنن، ئەو بازنەیەكی داخراو بۆ سیخوڕەكەی دابین دەكات، ئەو وا هەست دەكات بۆ حكوومەتی چین كار دەكات، ئەوەیش وای كردووە بە زەحمەت ئاشكرا ببن.

ئەو توێژەرە ئیتاڵییە روونی كردەوە، هەواڵگری چین توانایەكی جیاوازیان هەیە كاتێك دەتوانن رۆژنامەوانی راستەقینە و كەسانی ئەكادیمی راستەقینە بە شێوەیەكی یاسایی بەكار بێنن، كە ئەوە لە رۆژئاوادا نییە و قەدەغەیە رۆژنامەوان و پیاوانی ئاینی و پەرلەمانتار و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی وەك سەرچاوە و سیخوڕ بەكار بهێنرێت.

هەواڵگری چین پشت بە كۆمپانیاكانی تەكنۆلۆجی كاركردوو لە رۆژئاوا دەبەستێت بۆ سیخوڕیكردن، بەو مەرجەی لە رووی ئابوورییەوە پشت بەخۆی ببەستێت و بێ دروستكردنی بارگرانی لەسەر گەنجینەی دەوڵەت قازانج بكات، بۆیە كۆمپانیاكانی چینی كە پشت بە تەكنۆلۆجیا و داتاكان دەبەستن، ئەوان مادەی سەرەكیی هەواڵگری ئێستەی چینین، واتە دەبێت ئەوان سروشتی و روون و ئاشكرا بن دوور لە نهێنی و شاراوەیی كە وڵاتان نەتوانن بیاندۆزنەوە.  

تا ئێستەیش پێوەندی ئەمەریكا و چین مشتومڕێكی زۆری لەسەرە و وڵاتانی رۆژئاوا چین بە ئەنجامدانی هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ مەبەستی سیخوڕیكردن و دەستكەوتنی زانیاری تەكنۆلۆجی و ئابووری و سەربازی بۆ پاڵپشتی ئابوورییەكەی و ئاسانكردنی دزەكردنی ئابووری بۆ وڵاتانی دنیا، تۆمەتباری دەكەن، نوێترین كێشە و ململانێیش سەبارەت بە ئەپلیكەیشنی "تیك تۆك"ی چینی بوو كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا چەند مانگێكە بە سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندی پەكین تۆمەتباری دەكات لە رێگەی كۆكردنەوەی زانیاری بەكارهێنەران. 

چین و ئەمەریكا مێژوویەكی دوورودرێژیان لەبارەی ململانێی هەواڵگری هەیە، بەتایبەتی لە هەشتاكانی سەتەی رابردوو، كاتێك لە 1981 واشنتن بەرنامەیەكی بۆ كۆنترۆڵكردنی چینییەكانی لە ئەمەریكا كار دەكەن پێشخست، دوای ئەوە لە 1988 چین دامەزراوەی نیشتمانی ناوەكی چینی دامەزراند و لە 1999 بنكەیەكی بۆ بەربەستكردنی ئاماژە سەربازییەكان دامەزراند، كەچی لە 2002 هێرشی ئەلیكترۆنی چینی بۆ سەر چەند تۆڕێكی ئەمەریكی بەناوی "تایتان رین"، دەستی پێ كرد، لە 2004 چین هێرشێكی تری چینی بۆ سەر سەركردایەتی ئەندازیاری سیستمی زانیاری سوپای ئەمەریكا و سیستمی زەریاوانی ئەنجام دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل