دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا پاشەكشە بكات پرۆسەی سیاسی عێراق دەڕووخێت

:: PM:08:25:04/10/2020 ‌

دۆخی تەناهی و ئابووری عێراق روو لە ئاڵۆزی زیاتر دەكەن، ململانێی ئەمەریكا و ئێران بەتەواوەتی هەموو كایەكانی ژیانیان لە عێراق وەستاندووە و تووشی تەنگژەیان كردووە، موئەیەد جحێشی، شارەزای تەناهی و ستراتیجی لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا، تیشك دەخاتە سەر پەرەسەندنەكانی تەناهی دۆخی عێراق و ئاماژە دەكات كە چارەسەری دوو رێگەیە، فیدرالیەتی پارێزگاكان یان گۆڕانكاری سیاسی.

فیلمی داعش لە عێراق كۆتایی هاتووە
*هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و كاروانی لۆجیستی هاوپەیمانان بەردەوامە، ئەوان چیان دەوێ و كەی هێرشەكان كۆتاییان دێت؟

مەبەستی هێرشەكان روونە و ئێران دەیەوێ بوونی ئەمەریكا لە عێراق بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی ئەمەریكا وڵاتەكانیتر نا، چونكە گوشاری ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و كاریگەرییەكانی زۆر روونە كە ماوەی ساڵێك و نیو دەبێت سزاكانی سەر تارانی زۆر توند كردووە، سەرەتا لە رێككەوتنی ناوەكی پاشەكشەی كرد و دوای ئەوە سزاكانی سەپاند، بۆیە ئێرانیەكان هێی تریان بە دەستەوە نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا، جگە لە پەنابردن بۆ باڵەكانی بۆ گوشاركردن نەبێت، وەك ئەوەی پێشتر لە سەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بۆ ناچاركردنی واشنتن بۆ واژووكردنی رێككەوتنی ناوەكی پەنایان بۆ برد، هەمان ئەو شێوازە لە سووریا و عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و لبنان بۆ سەر ئەمەریكییەكان بەكار هاتووە.

ئەوكات ئەمەریكایان ناچار كرد بۆ واژووكردنی رێككەوتنەكە كە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ئێرانییەكان، چونكە لەناو رێككەوتنەكە ئەمەریكا نزیكەی 140 ملیار دۆلار پارەی بلۆككراوی ئێرانی بە كاش گەڕاندەوە بۆ تاران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا باسی ئەوەیشی كردووە و رەخنەی لە ئۆباما گرت كە پارەكەیان بە ئێران داوە، بۆیە ئێستە ئێران هەمان سیناریۆ بەكاردێنێت، گوشار دەخەنە سەر ئەمەریكییەكان، هەركاتێكیش بابەتەكە گەورە دەبێت و گورزوەشاندنی تێ دەكەوێت، بەرپرسانی ئێران خۆیان لێ بێ بەری دەكەن، بۆ ئەوەی نەبێتە بابەتێكی نێودەوڵەتی.

مەبەستی ئەو هێرشانە ئەوەیە ئەمەریكا عێراق جێبیڵێت، یان كاریگەریان لە عێراق لاواز بكەن و ناچاریان بكەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بۆ چارەسەركردنی بابەتی سزاكانی سەر ئێران، كە ئێستە بەهای دراوی ئێران لە نزمترین ئاستیدایە، ئێرانییەكان و هێزە سیاسییەكانی عێراق دەیانەوێ دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا هەبێت، بەڵام هێزە سەربازییەكەی نا، چونكە واشنتن پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی و ئەو حزبانەیە بەرانبەر وڵاتانی دنیا و نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستە ئەمەریكییەكان لە نێوان بەرهەڵستكار و پاڵپشتیكاری پرۆسەی سیاسین و حزبەكان باش دەزانن كە ئەگەر دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا پاشەكشە بكات، پرۆسەی سیاسی دەڕووخێت، وڵاتانی تریش ناتوانن پاڵپشتی پرۆسەی سیاسی بكەن بێ ئەمەریكا.

*تایفیەت رەگی جێگیر كردووە و هێزە سیاسییە تایفییەكان وایان كردووە عێراق بەتەواوەتی بكەوێتە ژێر كاریگەریی ئێران و ئەو دۆخەی ئەمڕۆ دروست بووە، چارەسەر بۆ گۆڕانكاری چییە؟ 

دوو چارەسەری هەیە، یەكەمیان جێبەجێكردنی فیدرالیەتی عێراقە، ئەوە ئاسانترین چارەسەرییە، واتە هەر پارێزگایەك بكرێتە هەرێمێك، ئەوەیش لە دەستووردا هەیە و یاساكانیش باسیان كردووە، تایفیەتی لاواز دەبێت، واتە تۆ لە تایفیەتەوە و لە پێكهاتەیی ئێستە هەیە، دەگۆڕێت بۆ بچووكتر لەوە و لەسەر ئاستی پارێزگا دەبێت و مامەڵە دەكرێت، زۆرینەی پارێزگاكان كێشەیان نابێت، بەوە لەكۆڵی مەزەو و تایفیەت دەبینەوە، چارەسەرییەكەی تر كە زەحمەتە، كۆتاهاتنی پرۆسەی سیاسییە بە هەموو مادە و یاساكانی كە دوای 2003 هاتووە و كەسانێك بێن بەناوی حكوومەتی كاتی و وڵات بەرەو هەڵبژاردنێكی پاك ببەن و ئەوە وێرانكارییەی هەیە كۆتایی بێت.

*هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر مەبەستی چی بوو، بۆچی هەرێمی كوردستانیان كردە ئامانج؟

لە گەرمەی رووداوەكانی دوایی ئەمەریكییەكان باسی ئەوەیان دەكرد ئەوان شوێنگرەوەیان لە عێراق بۆ ناوچەی سەوز و باڵوێزخانەكەیان هەیە، ئەوانیش عەین ئەسەد و حەریرن، زۆرێك لە فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكایش باسی ئەوەیان دەكرد ئەوان لەو دوو بنكەیە جێگیرن و ئەوانە شوێنگرەوەی ئێمەن و دەستبەرداریان نابین، بۆیە ئەو مووشەكانەی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا هەڵدەدرا، هەمان مووشەك بوون هەولێریان پێ بۆردمان كرا، بۆیە پەیامێك بوو بۆ ئەمەریكییەكان بەوەی بۆ هەر شوێنێك بچن دەتوانین بتانكەین بە ئامانج، پێشبینی ناكەم ئەمەریكا وەڵامی راستەوخۆی بۆ هێرشەكان هەبێت تا دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە، رەنگە ئیسرائیل ئەوە بكات وەك پێشتر ئەنجامی داوە، سەبارەت بە لێكۆڵینەوەكانیش لەبارەی هێرشەكە بەمنزیكانە ئەنجامی دەرناكەوێ و كەسیشی پێ تۆمەتبار ناكەن، ئەگەری هەیە بۆ دوای هەڵبژاردن بمێنێتەوە، چونكە دوو مووشەك نەتەقیونەتەوە و دیارن دروستكراوی كێن، شوێنی بۆردمانەكەیش دیارە.

*داعش چی بەسەرهات، ئێستە چەند مەترسی بۆ سەر عێراق هەیە؟

داعش بووەتە تفەنگێكی گوازراوەیە، ئێستە داعش لە جەنگی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەشدارە، بەشێكیان لەپاڵ ئازەربایجان و بەشێكیان لەپاڵ ئەرمینیا دەجەنگن، داعشەكانی سەر بە ئێران لە ئەرمینیا دژ بە ئازەربایجان دەجەنگن، ئەوان بە شیعە و گاور دەزانن، داعشەكانی سەر بە توركیایش جەنگی ئەرمینیا دەكەن بەوەی مەسیحین، هەرچی عێراقە فیلمی داعش لێرە كۆتایی هاتووە و چیتر ئیش ناكات، چونكە دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر و پارە نییە و شوێنی تر هەیە و كارەكەی بۆ ناوچەی تر گوازراوەتەوە.
    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل