"وشە" ناوی كاندیدی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی ئاشكرا دەكات

:: PM:08:54:04/10/2020 ‌

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە و ئێستە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت، كەسێكیش كاندیدە بۆ شوێنگرەوەی وەك بەڕێوەبەری گشتی.
پۆستەكە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت
لە ساڵی 2014 كاتێك بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پۆستەكانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كرد، پۆستی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بەر بزووتنەوەی گۆڕان كەوت، لەو كاتەوە تا ئێستا، بابەكر دڕەیی، وەك بەڕێوەبەری گشتی دەستبەكار بووە و ئێستە وازی هێناوە.

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بابەكر دڕەیی، وەك بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەستی كێشاوەتەوە و ئێستە ئەو پۆستە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێت.

زیاتر گوتی، پۆستەكە پشكی بزووتنەوەی گۆڕانە و لە لایەن ئەنجوومەنەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵ كراوە و ماوەتەوە سەر ئەوەی كەسێك دیاری بكرێ بۆ ئەو پۆستە و لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆبوونەوەیەكدا دەنگی لەسەر بدرێت.

لای خۆیەوە ئاڤان جەمال، سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، سێ كەس بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی كاندیدن، بەڵام تا ئێستە كاریان لەسەر نەكراوە و دەبێ ئەنجوومەن لەو سێ كاندیدە دەنگ لەسەر یەكێكیان بدات.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "وشە" كەوتوون، ئێستە موحسین ئەدیب، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕانە بۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی لەگەڵ دوو كاندیدی تر، بەڵام بڕیارە گۆڕان موحسین ئەدیب لەو پۆستە دابنێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل