لە سێ دەیەی رابردوودا لە ئەمەریكا هەشت خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڕێوە چووە و چوار كەس توانیویانە ببنە سەرۆكی ئەمەریكا. لەم چوار كەسە سێیان دوو خولی لەدوای یەك بوونەتە سەرۆك و دواین دەرەنجامەكانی 59یەمین خولی هەڵبژاردنیش كە دوو رۆژ لەمەوبەر بەڕێوە چوو، ئەوە دەردەخەن پێ ناچێت دۆناڵد ترەمپ هاوشێوەی سێ سەرۆكەكەی پێشتر دوو خول لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
خولی 52
لە ساڵی 1992 هەڵبژاردنی خولی 52ی ئەمەریكا بەڕێوە چوو و هەریەك لە بیل كلینتن لە حزبی دیموكرات و جۆرج واكێر بۆش كە زۆرجار بە بۆشی باوكیش ناوی دەهێنرێت ململانێی هەڵبژاردنیان كرد. دواجار بێڵ كلینتن بەسەر بۆشدا سەركەوت.
كلینتن 370 كورسی ئێلێكتۆراڵی بەدەست هێنا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی جۆرج واكێر بۆش 168 بوو
لەو هەڵبژاردنەدا كلینتن 370 كورسی ئێلێكتۆراڵی بەدەست هێنا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی جۆرج واكێر بۆش 168 بوو و بە جیاوازییەكی زۆر دیموكراتەكان شكستیان بە كۆماریخوازەكان هێنا.
كورسییەكانی ئێلێكتۆراڵ لە ئەمەریكا 538 كورسین و هەر لایەنێك بتوانێ 270 كورسی بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆكی ئەمەریكا.
هەڵبژاردنی 1996
چوار ساڵ دواتر و لە ساڵی 1996 خولێكی تری هەڵبژاردن بەڕێوە چوو و لەو خولەدا كورسییەكانی كلینتن دیسان زیادی كرد و بە 379 كورسی لە بۆب دۆل پاڵێوراوی كۆماریخوازەكانی بردەوە كە 159 كورسی بەدەست هێنابوو، كلینتن بۆ خولێكی تر لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا مایەوە.
ویستیان تۆڵەی دوو خولی شكستیان لە رابردوودا لە دیموكراتەكان بكەنەوە.
ساڵی 2000 لە 54ەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كۆماریخوازەكان بە هێنانەپێشەوەی كوڕی جۆرج واكێر بۆش واتە جۆرج دەبلیۆ بۆش ویستیان تۆڵەی دوو خولی شكستیان لە رابردوودا لە دیموكراتەكان بكەنەوە.
دیموكراتەكانیش ئاڵ گۆڕیان وەك پاڵێوراوی خۆیان لەم هەڵبژاردنەدا دەستنیشان كرد، بەڵام دواجار بە 271 كورسی بەرانبەر 266 كورسی كۆماریخوازەكان سەركەوتن و جۆرج دەبلیۆ بۆش بووە سەرۆكی ئەمەریكا.
خولی 55
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2004 كۆماریخوازەكان دیسان بۆ خولێكی تر سەركەوتن و جۆرج دەبلیۆ بۆش توانی لە جۆن كێری پاڵێوراوی دیموكراتەكان بباتەوە.
جۆرج دەبلیۆ بۆش بە 286 كورسی بەرانبەر 251 كورسی لە جۆن كێری بردەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا كورسییەكانی جۆرج دەبلیۆ بۆش زیادی كرد و بە 286 كورسی بەرانبەر 251 كورسی لە جۆن كێری بردەوە.
لە خولی 56 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا بۆ یەكەم جار دیموكراتەكان كەسێكی بە رەچەڵەك رەشپێستیان بۆ هەڵبژادن هێنایە پێش كە باراك ئۆباما بوو و كۆماریخوازەكانیش جۆن مەك كینیان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پاڵاوت.
شکستێکی گەورە
لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەدا باراك ئۆباما شكستێكی زۆر گەورەی بە كۆماریخوازەكان هێنا و لە 538 نوێنەرەكەی ئێلێكتۆراڵ 365 كورسی بەدەست هێنا، بەڵام جۆن مەك كین 173 كورسیی بەدەست هێنا و باراك ئۆباما بووە سەرۆكی ئەمەریكا.
باراك ئۆباما دیسان بە جیاوازییەكی زۆر لە ركابەرەكەی بردەوە.
لە ساڵی 2012 دا ئەمەریكا 57ەمین خولی سەرۆكایەتی بەڕێوە برد و باراك ئۆباما بۆ جاری دووەم خۆی پاڵاوتەوە و كۆماریخوازەكانیش میت رۆمنییان بۆ ئەو ركابەڕییە پاڵاوت. لە ئەنجامدا باراك ئۆباما دیسان بە جیاوازییەكی زۆر لە ركابەرەكەی بردەوە. لە 538 كورسییەكە ئۆباما 332 كورسی و رۆمنی 206 كورسی بەدەست هێنا.
دۆناڵد ترەمپ
لە ساڵی 2016 كۆماریخوازەكان بۆ یەكەم جار كەسێكی دەوڵەمەند و بازرگانیان بۆ ئەم پۆستە پاڵاوت كە پێشتر هیچ ئەزموونێكی سیاسی نەبوو. دیموكراتەكانیش بۆ یەكەم جار ژنێكیان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوت كە هیلاری كلینتن و هاوسەری بێڵ كلینتن بوو.
دۆناڵد ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا بە جیاوازیی 77 كورسی لە هیلاری كلینتنی بردەوە
دۆناڵد ترەمپ لەم هەڵبژاردنەدا بە جیاوازیی 77 كورسی لە هیلاری كلینتنی بردەوە سەرەڕای ئەوەی كە كۆی دەنگەكانی هیلاری سێ ملیۆن لە سەرووی ترەمپەوە بوو. ژمارەی كورسییەكانی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 بریتی بوو لە 304 كورسی، بەڵام هی هیلاری كلینتن 227 كورسی بوون.
ئەگەری دۆڕانی ترەمپ
هەڵبژاردنی خولی 59ی سەرۆكایەتی ئەمەریكا سێشەمی رابردوو بەڕێوە چوو كە دۆناڵد ترەمپ ركابەریی جۆ بایدنی پاڵێوراوی دیموكراتەكانی كردووە و تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە ئەگەری سەركەوتنی بایدن لە هی ترەمپ زیاترە و پێ ناچێت دۆناڵد ترەمپ بتوانێ بۆ خولێكی تر لە سەرۆكایەتیدا بمێنێتەوە.
جۆ بایدن 253 كورسی و دۆناڵد ترەمپش 213 كورسی بەدەست هێناوە.
بەپێی دواین دەرەنجامی هەڵبژاردن كە
cnn خستوویەتەڕوو، جۆ بایدن 253 كورسی و دۆناڵد ترەمپش 213 كورسی بەدەست هێناوە. شەش ویلایەت ماوە دەنگەكانی تێدا جیا بكرێنەوە.
تا ئەم ساتە جۆ بایدن بە 71 ملیۆن و 652 دەنگ 50.5%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە و دۆناڵد ترەمپیش بە 68 ملیۆن و 94 هەزار دەنگ 48%ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.
لەو خولانەی هەڵبژاردنی سەرەوە ئاماژەیان پێ كرا، لانی كەم لە ساڵی 1992ەوە هەر كەسێك بووبێتە سەرۆك بۆ دوو خول لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە و هەر یەك لە بێڵ كلینتن، جۆرج دەبلیۆ بۆش و باراك ئۆباما بۆ هەشت ساڵ سەرۆكایەتی ئەمەریكایان كرد، بەڵام پێ ناچێت ترەمپ لە چوار ساڵ زیاتر بتوانێ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكات.