بەڕێوەبەرایەتیی نشینگە لە هەڵەبجە كرایەوە

:: PM:01:39:05/11/2020 ‌
دوای چوار ساڵ هەوڵدان، بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەڵەبجە كرایەوە و کە ئەمەش تەواوكاری پێداویستییەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی تشرینی دووەم، بە ئامادەبوونی بریكاری وەزیری ناوخۆ و نوێنەری حكوومەتی عێراق، بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی پارێزگای هەڵەبجە كرایەوە.

لانی كەمی خزمەتگوزاری و تەواوكردنی پێداویستییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەن
چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، وەك حكوومەتی هەرێم لە ماوەی رابردوودا ئاگەداری پێداویستی و كەموكوڕییەكانی هەڵەبجە بوون و كار بۆ دابینكردنی لانی كەمی خزمەتگوزاری و تەواوكردنی پێداویستییەكانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەن.

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ گوتی، حكوومەتی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهید و قوربانیانی گەلی كورد و هەڵەبجەیە، لە ماوەی داهاتووشدا هاوئاهەنگ و پشتیوانی ئەو سەردانانە دەبن كە بڕیارە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ بەغدا ئەنجامی بدات، ئەوەش بە ئامانجی دابینكردن و كردنەوەی ئەو فەرمانگانەی كە لە هەر پارێزگایەكدا پێویست دەكات هەبن.

كردنەوەی فەرمانگەی نشینگەی هەڵەبجە دوای ئەوە دێت بەشێوەیەكی فەرمی لە مانگی ئایاری ساڵی 2016 داوا لە حكوومەتی عێراق كراوە ئەو فەرمانگەیە بكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد