"وشه‌" ورده‌كاریی گرتنی ژماره‌یه‌ك ئاسایشی مه‌رزی باشماخ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

:: PM:02:49:05/11/2020 ‌
ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی مه‌ده‌نی و ئاسایشی ناو مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ، به‌ تۆمه‌تی وه‌رگرتنی به‌رتیل له‌لایه‌ن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ گیراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامه‌، كه‌چی به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌"، تا ئێسته‌ هیچ كه‌سێك له‌وانه‌ی به‌رتیلیان داوه‌ نه‌گیراون.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌هۆی هاورده‌كردنی جگه‌ره‌، هێلكه‌، دووگی ئاژه‌ڵ و سه‌روپێ و چه‌ندان ماده‌ی خۆراكیی تر به‌شێوه‌ی نایاسایی و به‌ پێدانی به‌رتیل و پاره‌ی زۆر له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوردستانه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی توند ئاراسته‌ی به‌رپرسانی باڵای مه‌رزه‌كه‌ و به‌رپرسانی باڵای یه‌كێتی كرا.

دواتریش كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی له‌ په‌یامێكدا بۆ هاوسه‌رۆكه‌كانی حزبه‌كه‌ی داوای دانانی سنوورێكی بۆ ئه‌و قاچاخییه‌ی له‌ باشماخ هه‌یه‌ كرد.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م له‌ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخه‌وه‌ به‌ "وشه‌" دراون، 19 كارمه‌ندی مه‌ده‌نی و ئاسایشی مه‌رزی باشماخ له‌لایه‌ن ئاسایشی یه‌كێتییه‌وه‌ گیراون؛ به‌ڵام تا ئێسته‌ هیچ كام له‌و كه‌س و بازرگان و به‌رپرسانه‌ی به‌رتیلیان داوه‌، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ نه‌گیراون و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانیی زیاتری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش شاخه‌وان به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ به‌ "وشه‌"ی گوت: ئه‌وه‌ی ڕووی داوه‌ كه‌یسێكی ئاسایشه‌ و هێشتا هیچیان پێ نه‌گوتووین، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ره‌كانیان بردووین، ئێمه‌ش گله‌ییمان له‌سه‌ر شێوازی بردن و گرتنی فه‌رمانبه‌ره‌كانمان هه‌یه‌.

ڕوونی كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی گیراون فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌تن، ده‌كرا له‌رێی ئاگادارییه‌كه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن و خۆمان بمانناردنایه‌، وه‌ك تریش هیچ شتێكی تریان پێ نه‌گوتووین و ده‌ڵێن، دۆسیه‌كه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

ئاسایشی سلێمانی 15 فه‌رمانبه‌ری مه‌ده‌نی و چوار ئاسایشی مه‌رزی باشماخی له‌سه‌ر بڕیاری دادوه‌ر گرتووه‌، تا ئێسته‌ له‌ ئاسایشن و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامه‌، ئه‌وانه‌ی به‌رپرسیاریه‌تییان له‌ باشماخ هه‌یه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ ئه‌وانه‌ی به‌رتیلیان داوه‌ نه‌گیراون.

"وشه‌" بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر پێوه‌ندیی به‌ به‌رپرسانی ئاسایشی سلێمانی، پێنجوێن، باشماخ و ئیداره‌ی سنووری شارۆكه‌ی پێنجوێن كرد، به‌شێكیان وه‌ڵامی پێوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌ و ئه‌وانی تریش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی لێدوان و پێدانی زانیاری نه‌بوون.

مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی باشماخ، نزیكه‌ی شه‌ش كیلۆمه‌تر له‌ شارۆكه‌ی پێنجوێنی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانییه‌وه‌ دووره‌، هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ شاری مه‌ریوانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و رۆژانه‌ كاروباری بازرگانی و گه‌شتیاری له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێرانی لێ ئه‌نجام ده‌درێت.

وشه‌/ تایبه‌ت


وشە - ڕێناس شابان