بە یەكلابوونەوەی ئاریزۆنا كورسییەكانی بایدن بۆ 264 هەڵكشان و ترەمپ هێشتا 214یە

:: PM:03:20:05/11/2020 ‌
بەپێی دواین دەرەنجامی هەڵبژاردن لە ئەمەریكا جۆ بایدن 263 كورسی بەدەست هێناوە و دۆناڵد ترەمپیش 214 كورسی مسۆگەر كردووە و تەنیا پێنج ویلایەت ماوە چارەنووسیان یەكلا بكرێتەوە.

ویلایەتی ئاریزۆناش بە قازانجی جۆ بایدن یەكلا بووەوە و 11 كورسیی تر چووە سەر كورسییەكانی بایدن، بەمەش ژمارەی كورسییەكانی بایدن لە 253 كورسییەوە بۆ 264 كورسی بەرز بووەوە. ئەو تەنیا شەش كورسیی ماوە سەركەوتن بە فەرمی رابگەیەنێت.
بە جیاوازی 69 هەزار دەنگ كورسییەكان بۆ جۆ بایدن رۆیشتوون.

بەپێی دواین دەرەنجامەكانی ئەو ویلایەتە، دۆناڵد ترەمپ ملیۆنێك و 400 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام جۆ بایدن ملیۆنێك و 469 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە و بە جیاوازی 69 هەزار دەنگ كورسییەكان بۆ جۆ بایدن رۆیشتوون.

بەو پێیە پێنج ویلایەت دەمێنێت تا دەرەنجامەكانیان یەكلا ببنەوە لە زۆرینەی ئەو ویلایەتانە ترەمپ باڵادەستە و جۆ بایدنیش لە دوو ویلایەتی جۆرجیا و نێڤادا چانسی ئەوەی هەیە كورسیییەكانی بەرز بكاتەوە.

نێڤادا شەش كورسی هەیە و بەسە بۆ ئەوەی بایدن بە كورسی سەرۆكایەتی بگەیەنێت. ویلایەتی جۆرجیاش 16 كورسی هەیە و بەپێی دواین ئەنجامەكان ژمارەی دەنگەكانی بایدن لەو ویلایەتە دوو ملیۆن و 407 هەزار دەنگە، بەڵام هی ترەمپ دوو ملیۆن و 430 هەزار دەنگە و تەنیا 23 هەزار دەنگ مەودایان هەیە.

لە نێڤادا ژمارەی دەنگەكانی ترەمپ 580 هەزار دەنگە، بەڵام هی بایدن 588 هەزار دەنگە
لە نێڤادا ژمارەی دەنگەكانی ترەمپ 580 هەزار دەنگە، بەڵام هی بایدن 588 هەزار دەنگە، بایدن تا ئێستە براوەی هەڵبژاردنە ئەگەر ئەم دەرەنجامە هەژمار بكرێت.

ئەگەر لە هەردوو ویلایەت ترەمپ سەربكەوێت، ئەوا ژمارەی كورسییەكانی بۆ 286 كورسی بەرز دەبنەوە، لە یەكێكیاندا سەربكەوێت براوەی هەڵبژاردنە و ئەگەر لە هەردوو ویلایەت بیدۆڕێنێت، ئەوا بە لەبەرچاوگرتنی زاڵبوونی كۆماریییەكان لە ویلایەتەكانی پێنسڵڤانیا و ئالاسكا و كارولینیای باكور، ئەوا ترەمپ دەبێتە سەرۆكی ئەمەریكا.

هێشتا CNN بەگوێرەی ئەنجامەكەی بەیانی 253 كورسی بەرانبەر 214 كورسی داناوە، بەڵام بەشێكی تر لە سەرچاوەكان ئاریزۆناش یەكلا بووەتەوە.

بایدن 72 ملیۆن و 130 هەزار دەنگ و ترەمپ 68 ملیۆن و 648 هەزار دەنگی مسۆگەر كردووە.
بەگوێرەی دەرەنجامی وال ستریت جۆرناڵ، جۆ بایدن بە 72 ملیۆن و 130 هەزار دەنگ رێژەی 50%ی دەنگەكان و 264  ئێلێكتۆراڵی بەدەست هێناوە، بەڵام ترەمپ بە 68 ملیۆن و 648 هەزار دەنگ 214 ئێلێكتۆراڵ و 48%ی دەنگەكانی ئەمەریكای مسۆگەر كردووە.

دوێنێ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ بۆ لایەنگرەكانی سەركەوتنیشی راگەیاند، بەڵام هەر ئەوكات بایدن پێی گوت جارێ پەلە مەكە چونكە هێشتا جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە.

هەردوو ویلایەتی میشیگان و ویسكۆنسن تا ئێستە لە قازانجی بایدن یەكلا بوونەتەوە كە ترەمپ ئومێدێكی زۆری پێ بەستبوون و جیاوازیی دەنگەكانیش بەرچاو نین.
لە سەرجەم ویلایەتەكانی ئەمەریكا 538 ئێلێكتۆراڵ هەن

لە  سەرجەم ویلایەتەكانی ئەمەریكا 538 ئێلێكتۆراڵ هەن كە ركابەریی یەكتر دەكەن و بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك دەبێت دەنگی زیاتر لە نیوەی ئێلێكتۆراڵەكان كۆ بكرێتەوە، هەر پاڵێوراوێكی ئەمەریكا بتوانێ 270 نوێنەر بباتەوە، دەتوانێت ببێتە سەرۆكی ئەو وڵاتە.

ساڵی 1878 دامەزرێنەرانی دەستووری ئەمەریكا گەیشتنە رێككەوتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كە بە ڕێككەوتنە گەورەكە ناسراوە و لەو كاتەوە هەڵبژاردن لە ئەمەریكا بە یەك جۆر بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردنی كۆمەڵەی هەڵبژێراو Electoral College دوای هەڵبژاردنی ئەو كۆمەڵەیە ئەندامانی هەڵبژێراوی ئەو كۆمەڵەیە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك دەدەن. مانگی داهاتوو لە سێی تشرینی دووەم هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و هەر ویلایەتێكیش بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانیان نوێنەر یان ئێلێكتۆراڵیان بۆ دیاری كراوە و خەڵك ئێلێكتۆرڵەكان هەڵدەبژێرن.
دوو نوێنەر لە بەرانبەر ئەندامیەتی هەر ویلایەتێك لە ئەنجوومەنی پیران هەر لەم كۆمەڵەیە دێتە هەڵبژاردن

دوو نوێنەر لە بەرانبەر ئەندامیەتی هەر ویلایەتێك لە ئەنجوومەنی پیران هەر لەم كۆمەڵەیە دێتە هەڵبژاردن. كەرتی كۆڵۆمبیاش كە لە واشنتنی پایتەخت پێكدێت و وەك ویلایەت هەڵسوكەوتی لەگەڵدا ناكرێت وسێ نوێنەری دەبێت.

كۆی ژمارەكە دەگاتە 538 كەس كە 435 كەسیان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانن. 100 نوێنەری ویلایەتەكان و سێی واشنتن كە بخرێتە سەری هەمان ژمارە بەدەست دێت.

هەڵبژاردن لە ئەمەریكا بۆیە بەم رێكارە دانراوە، تا ویلایەتە گەورەكان مافی ویلایەتە بچووكەكان نەخۆن و تەواوی ئەمەریكا رۆڵیان هەبێت لە دەستنیشانكردنی سەرۆك.



وشە - سلێمان تاشان