ڕێنوێنی گرنگ له‌باره‌ی په‌ڕه‌شووتی ئۆتۆمبێل

:: PM:03:32:05/11/2020 ‌

ئێسته‌ زۆر له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێن گلۆپی Airbag په‌ڕه‌شووت داگیرساوه‌ یانیش پەڕه‌شووته‌كه‌ی ته‌قیوه‌ و له‌ڕێی فرتوفێڵه‌وه‌ گڵۆپه‌كه‌ ده‌كوژێننه‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌یش شاره‌زایان هۆشیاریی ده‌ده‌ن كه‌ وریابن له‌ كاتی كڕینی ئۆتۆمبێل و پشكنینی په‌ڕه‌شووت بكه‌ن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شێرزاد وسوو ئه‌ندازیاری میكانیكی بۆ ''وشه‌'' ئاشكرای كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌كڕن، ئه‌گه‌ر AirBag په‌ڕه‌شووتی ئۆتۆمبێل به‌گره‌نتی نه‌ته‌قیوو ده‌كڕیت، پێویسته‌ پشكنینی كۆمپیوته‌ری بۆ بكه‌یت و وه‌ستاكه‌ یه‌ك به‌یه‌كی په‌ڕه‌شووته‌كانت بۆ سه‌یر بكات.

ئێستە بابەتی پەڕەشووت فرتوفێڵی زۆری تێدا دەکرێت

زیاتر گوتی، بابه‌تی Airbag پەڕه‌شووت بابه‌تێكی گرنگه‌، چونكه‌ پێوه‌ندی به‌ سه‌لامه‌تیی شۆفێر خۆیه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئێسته‌ بابه‌تی په‌ڕه‌شووت فرتوفێڵی زۆری تێدا ده‌كرێت، بۆیه‌ بۆ دڵنیایی له‌ په‌ڕه‌شووته‌كان پێویسته‌ سه‌ره‌تای ئۆتۆمبێل كڕین وه‌ستایه‌كی زیره‌كی كۆمپیوته‌ر زۆر به‌شێوه‌یه‌كی زانستی پشكنین بۆ په‌ڕه‌شووته‌كانت بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانی په‌ره‌شووته‌كه‌ت ته‌قیوه‌ یان نا و یه‌كێك له‌ گرنگترین مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌تدا هه‌یه‌.

Airbag یان په‌ڕه‌شووت یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تی شۆفێر، چونكه‌ له‌كاتی پێكدادان و ڕووداوی هاتوچۆ به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ مه‌ترسی ده‌رچوون له‌ جامی پێشه‌وه‌ یان كاره‌ساتی گه‌وره‌تر ده‌تپارێزێت، به‌ڵام ئێسته‌ زۆر فرتوفێڵی تێدا ده‌كرێت، بۆیه‌ شۆفێران ده‌بێ وریابن له‌كاتی كڕینی ئۆتۆمبێل، پشكنینی كۆمپیوته‌ری بۆ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت په‌ڕه‌شووته‌كه‌ ته‌قیوه‌ یان نا؟


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان