ناڕوونی هەڵوێستی ئەمەریكا چارەنووسی كوردی لە سووریا نادیار كردووە

:: PM:06:25:05/11/2020 ‌

ساڵی رابردوو كوردی سووریا گلەییان لە ئەمەریكا كرد كە چاوپۆشی لە داگیركاریی سەربازی توركیا بۆ ناوچەكانیان كرد، بەر لە دووساڵیش بە هەمانشێوە رووی گلەییان لە رووسیا كرد، كە چاوپۆشی لە گرتنی عەفرین كرد، شرۆڤەكاران ئاماژە دەكەن، ئێستە كوردی سووریا خۆیان لەبەردەم دۆخێكی نوێدا دەبیننەوە، پێدەچێ تەنیا رێگایەكیان لەبەردەم واڵا بێ، ئەوەیش رێككەوتنە لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا، كە لای خۆیەوە هەوڵی رزگاربوون لە دووژمنی هاوبەشی لەگەڵ كورد دەدات، كە توركیایە. 
سووریا لە ناوچەكانی دەسەڵاتی هەسەدە كار لەسەر بێزاری خەڵك دەكات
رێككەوتنی ساڵی رابردووی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حكوومەتی سووریا بەتەواوی روون نەبوو، كاتێك دوای رێككەوتنەكە هەڵا دروست بوو پێوەست بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ ناوچەكانی خۆسەری رۆژئاوا كە بەدەست كوردەوەیە، بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی بەردەوامی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچانە، ئێستەیش دوای ساڵێك ئەو مەترسیانەی ئەوكات باسیان لێوە دەكرا، نەهاتنە دی، جگە لەو ناوچانەی توركیا داگیری كردن، تا ئێستەیش ئیدارەی خۆسەری لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا هەمان دەسەڵاتی سیاسی بەسەر زۆرینەی ناوچەكانی ئەوكاتدا هەیە. 

تۆماس مكلۆر، توێژەر لە سەنتەری زانیاری رۆژاڤا كە گرنگی بە كاروباری كورد دەدات، لە راپۆرتێكی لە گۆڤاری "ناشیۆناڵ ئینترەست"ی ئەمەریكی دەڵێت، لەوكاتەی ئیدارەی خۆسەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا سەرپەرشتی خاڵەكانی پشكنین دەكات، دیمەشق هەستی بە شكست كرد لە هەوڵەكانی بۆ فرەوانكردنی بازنەی دەسەڵاتی وەك لە قامشلۆ و رەقە و منبەج، كاتێك خەڵكی ئەو ناوچانە ئیدارەی خۆسەریان قبووڵ كرد و میلیشیاكانی سەر بە دیمەشق و توندڕۆ ئیسلامییەكانیان رەت كردەوە، هاوكات ئەوە پێشانی دەدات كە سووریا هەموو شتێك دەكات بۆ گەیشتن بە خواستەكانی.

ئێستە حكوومەتی سووریا چەندان ئامرازی كوشار بۆ سەر كورد بەكاردێنێ بۆ قبووڵكردنیان بە مەرجەكانی، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی بۆ ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوە سەرەڕای بوونی ململانێیەكی قووڵ لەنێوان وڵاتانی كاریگەر لە تەنگژەی سووریادا، لەوكاتەی توركیا پاڵپشتی لە چەند گرووپێك دژ بە حكوومەتی سووریا دەكات، هاوكات ئێران و رووسیا پاڵپشتی ئەسەد دەكەن و دژ بەو گرووپانەن، كە ئێستە لە ناوچەیەكی بچووك لە باكوری رۆژئاوای سووریا قەتیس ماون.

پاتریك هینی و ئارسەر كیسنای دوو توێژەر باسی ئەوە دەكەن كە سەرەڕای دەركەوتنی وەك خۆرادەستكردنێك لەلایەن هەسەدەوە، كە هەوڵی خۆپارێزی بە دیمەشق دەدات، گەڕانەوەی هێزەكانی حكوومەتی سووریا وەك سازشێكە لەلایەن دیمەشقەوە، بە مانایەكی تر ئەو دوو توێژەرە پێیان وایە رووسیا گوشاری خستووەتە سەر سووریا بۆ رازیبوون بەوەی ئیدارەی خۆسەری هەوڵی بۆ دەدا، ئەویش گەڕانەوەی هێزەكانی سووریایە بۆ سنوورەكانی باكور، كەچی هەسەدە لە كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانە بەردەوام بوو. 

لەگەڵ ئەوەیش دۆخە تازەكە پاڵی بە دیمەشق نا بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكە، لەوكاتەی كوردانی ناوچەكانی باكور چاویان بڕیوەتە سەر سنوورەكانی توركیا، دیمەشق گوشاری خستووەتە سەر باشووری زۆرینەی عەرەب، لە ماوەی دواییدا سوهێل حەسەن، فەرماندەی بەهێزی سوپای سووریا، لەپاڵ بانگەشەكانی رووسیا سەردانی دەشتی باشووری رەقەی كرد، وەك هەڕەشەیەكی ژێربەژێر بۆ باكوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، كاتێك سیاسەتوانانی رووسی بەردەوامن لە دەربڕینی بانگەشە و نەیاری بۆ جیاخوازی كورد لە ناوچەكانیان.

لە هەریەكە لە رەقە و دێرزوور، كورد بەكرێگیراوانی دیمەشق بە شێواندنی سەقامگیریی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان تۆمەتبار دەكەن، لەوانەیش ئەنجامدانی تەقینەوە و هێرشی چەكداری و سووتاندنی بەرووبوومی گەنم جۆ، لەوەیش لە چوارچێوەی ململانێكانی نێوان دیمەشق و هەسەدە لەبارەی كڕینەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ، كینسای ئاماژە دەكات كە رژێمی سووریا لە ناوچەكانی دەسەڵاتی هەسەدە یاری بە كارتی دروستكردنی بێزاری خەڵك دەكات، بەوەی لەو ناوچانە مادەی هۆشبەر و بێكاری هەیە و دەیەوێ گەنجانی ناوچەكە لەبری هەسەدە، رووبكەنە ریزی هێزە تەناهییەكانی.

جیا لەوەیش دیمەشق كاری بۆ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەو ناوچانە كردووە، وەك گوشارێك بۆ قبووڵكردنی هەسەدە بە مەرجەكانی، مەكلوور روونی دەكاتەوە كە كشانەوەی ئەمەریكا لە ناوچەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی باكوری سووریا، كە بڕیارە لەگەڵ ئەو هەنگاوەیش پرۆگرامی بەدیهێنانی سەقامگیری سەر بە ئاژانسی پەرەپێدانی ئەمەریكا لە رەقە كۆتایی پێ بێت، هەلی زیاتر بە دیمەشق دەبەخشێ بۆ چوونە پێش لەو شارە.  

لەوكاتەی لە دێرزوور، دیمەشق هەوڵی سوودوەرگرتن لە ئاڵۆزییەكانی نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبییەكانی ناوچەكە دەدات بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنیان بۆ ناوچەكە، ئەو ناوچەیە ماوەیەكی زۆرە لەلایەن دیمەشقەوە فەرامۆش كرابوو، بۆیە پێیان خۆش نییە بگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی، بۆیەیش دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەمدواییە ناڕەزایەتیان دەربڕی و لەبری داوای گەڕانەوە بۆ دیمەشق، داوای چاكسازیان كرد.   

ئێستە كوردی سووریا جیا لەوەی لە ناوچەكانیان باڵادەستن، بەڵام دۆخی سیاسیان لەو وڵاتە دیار نییە و چارەنووسیان روون نییە، بەتایبەتی كە ئێستە دیار نییە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە تەنگژەی سووریا بە گشتی و پاڵپشتیكردنی كورد بەتایبەتی تا چ ئاستێك بە گۆڕان یان نەگۆڕانی سەرۆكی ئەو وڵاتە، گۆڕانكاری بەسەردا دێت، هەریەك لە توركیا و رووسیا و سووریا لە هەوڵی لاوازكردنی خۆسەری رۆژئاوا و ناچاركردنین بۆ گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بۆیە ماوەی داهاتوو بۆ ئەوان زۆر هەستیار و چارەنووسسازە و رووسیا و دیمەشق هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەو یەكخستنەوەی تەواوی خاكی سووریا.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل