بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان: ناهێڵین چیتر زێدەڕۆیی بكرێتە سەر موڵكی گشتی

:: PM:07:26:05/11/2020 ‌

چەندان ساڵە وەك زۆرێك لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان، لە شارەدێی خەلیفانی سەر بە شارۆكەی سۆران، زێدەڕۆیی كراوەتە سەر موڵكی گشتی و بۆ مەبەستی تایبەتی  بەكار هێنراوە و سوودی لێ وەرگیراوە، بەڕێوەبەری شارەدێكە دووپاتی كردەوە كە لیژنەیەك بۆ رێگری لەو دیاردە پێك هاتووە .
بەهۆی نەبوونی نەخشە و تاپۆی نوێ كێشەی زەویوزار لە ناوچەكە هەیە
مەغدید عەریف ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی خەلیفان ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی راگەیاند، تا رادەیەكی زۆر باش توانیومانە رێگری لە دیاردەی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی بكەین، هەر حاڵەتێكیش ئاگادار كراینەوە، بێگومان رێوشوێنی پێویستی بۆ گیراوەتە بەر .

زیاتر گوتی، لە ماوەی دەستبەكاربوونمان چەندان دۆسیەی زێدەڕۆییمان بۆ دادگا رەوانە كردووە و خەڵكی سەرپێچیكارمان رووبەڕووی یاسا كردووەتەوە، لەمەودوایش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی رژدتر دەكەین و رێگە بە هیچ كەس نادرێ زێدەڕۆیی بكاتە سەر موڵك و كەرتی گشتی.

ئەو بەرپرسەی خەلیفان نەیشاردەوە كە بەهۆی نەبوونی نەخشە و تاپۆی نوێ، كێشەی زەویوزار لە ناوچەكە هەیە، روونی كردەوە، بە مەبەستی نەهێشتنی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵكی گشتی، وەك زەویوزاری حكوومەت، شەقام و رێگاوبانەكان، ئاو و كارەبا و كەرتەكانی تر، لیژنەیەكی تایبەتمان بە ئەندامیەتیی زۆرینەی فەرمانگە پێوەندیدارەكانی خەلیفان پێك هێناوە و دەستی بە كار كردووە و رۆژانە بەدواداچوون بۆ زێدەڕۆیی دەكات و ناهێڵێ وەك پێشتر زێدەڕۆیی بكرێتە سەر موڵكی گشتی .

خەلیفان شارەدێیەكە سەر بە شارۆكەی سۆران، نزیكەی 100 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە و ژمارەی دانیشتوانی 37 هەزار كەس دەخەمڵێندرێت .

خەلیفان/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل