زانایان سیستمێكی زیرەكی دەستكردیان داهێناوە كە دەتوانێ بە بیستنی دەنگی كۆكەی مرۆڤ، تووشبوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاشكرا بكات، تەنانەت ئەگەر نیشانەیشی نەبێت.
خەڵك پێش چوونیان بۆ كار یان قوتابخانە سوودی لێ دەبینن
توێژەران لە پەیمانگەی ماساچۆستس بۆ تەكنۆلۆجیا لەوبارەوە گوتیان، ریزبەندییەكی بیركاریان پەرە پێ داوە توانای ئاشكراكردنی تووشبوونی بە ڤایرۆسەكە هەیە، چونكە پەتاكە لاوازیی ماسولكە دروست دەكات و كار دەكاتە سەر شێوازی قسەكردن و كۆكینی خەڵك، تەنانەت ئەگەر نیشانەكانی كۆرۆناشیان لەسەر دەرنەكەوێت، وەك رۆژنامەی "تەلەگراف"، باسی كردووە.
توێژینەوەكە كە لە گۆڤاری " IEEE Journal of Engineering in Medicine and Biology "ی بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی كرد، ئەوان تەكنۆلۆجیایەكی نوێیان لەسەر چوار هەزار تۆماری كەسانێك كە خۆیان ناچاری كۆكین كردووە، تاقی كردووەتەوە، بۆیان دەركەوت كە سیستمی زیرەكی دەستكرد توانای ناسینەوەی ئەوانەی هەبووە كە تووشبووی كۆرۆنان، وردی ئەنجامەكانیش بە رێژەی 98.5% بووە و توانیویەتی ئەوانەیش ئاشكرا بكات كە نیشانەی تووشبوونیان نییە.
براین سوبیرانا، ئامادەكاری توێژینەوەكە دەڵێت، پێمان وایە ئەوە دەری دەخات كە ئەو رێگەی دەنگی پێ دروست دەبێت، لەكاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگۆڕێت، تەنانەت ئەوكاتەی نیشانەیشت نییە، بۆیە ئێستە تیمەكە كار بۆ پەرەسەندنی زیاتری ئەپلیكەیشنەكە دەكەن و دوای تەواوبوونی مۆڵەتی بەكارهێنانی بە فەرمانگەی دەرمان و خۆراكی بۆ وەردەگیرێت، بۆ بەردەستبوونی بۆ خەڵك كە دەكرێ خەڵك پێش چوونیان بۆ شوێنی كار یان بۆ قوتابخانە یان بازاڕ سوودی لێ ببینن، بەوەیش بڵاوبوونەوەی پەتاكە كەم دەبێتەوە.