به‌سڕه‌..هۆزه‌كان ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك سووتێنرا

:: AM:01:25:06/02/2020 ‌
سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ئاشكرای كرد، كه‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو، شه‌ڕی دوو هۆز له‌ ناوه‌ڕاستی شاری به‌سڕه‌ ئاڵۆزی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌یش نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاره‌كه‌ ئاگری تێ به‌ردراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ پێگه‌ی "سۆمه‌رییه‌نیوز"ی ڕاگه‌یاند، ناكۆكی هۆزه‌كان له‌ به‌سڕه‌ كۆتایی نایه‌ت و ماوه‌ ماوه‌ به‌یه‌كدا ده‌ته‌قنه‌وه‌ و ڕه‌وشی شاره‌كه‌ به‌ره‌و وێرانه‌ ده‌به‌ن، دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوویش له‌ ناوه‌ڕاستی به‌سڕه‌، به‌ چه‌كی سووك و مام ناوه‌ند ئه‌ندامانی دوو هۆز ڕووبه‌ڕووی یه‌كتربوونه‌ته‌وه‌.

زیاتر گوتی، له‌ ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌كان، هه‌ردوولا برینداره‌كانیان بردووه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی زوبێر و له‌وێش له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی به‌ په‌له‌ی برینداره‌كان بووه‌ته‌ كێشه‌یان و به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌ و دواجاریش ئاگریان له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌رداوه‌.

له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی برینداره‌كانیان بووه‌ته‌وه‌ شه‌ڕ و نه‌خۆشخانه‌یان ئاگر تێ به‌رداوه‌
له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ هێشتا به‌ فه‌رمی ئاماری كوژراو و بریندارانی ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ڵام هێزه‌كانی ته‌ناهی ناوچه‌كه‌یان ته‌نیوه‌ و ده‌یانه‌وێ كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه‌ بكه‌ن.

جێی باسه‌ پێشتریش له‌ ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی هۆزه‌كانی به‌سڕه‌، ماوه‌یه‌كی زۆر شاره‌كه‌ نا ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ بینی، كه‌ دواجار سوپای عێراق به‌ چه‌كی قورسه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی كرد، تا ڕه‌وشه‌كه‌ هێور بكاته‌وه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د