له‌سه‌ر كورد...ئه‌مه‌ریكا هاوكارییه‌كانی بۆ توركیا ده‌وه‌ستێنێت

:: AM:01:26:06/02/2020 ‌
چوار به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكی ئاشكرایان كرد، كه‌ واشنتن به‌رنامه‌یه‌كی نهێنی بۆ هاریكاری توركیا له‌ بواری هه‌واڵگری هه‌ڵپه‌سارد، هۆكاری ئه‌م هه‌نگاوه‌یشی ئه‌مه‌ریكایش بۆ هێرش و ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر كورد گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییانه‌ به‌ ئاژانسی "ڕۆیته‌رز"یان ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌و بڕیاره‌ی واشنتن هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ داگیركارییه‌ی توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو بۆ سه‌ر باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ئه‌نجامی دا، جیا له وه‌ستاندنی ئه‌و به‌رنامه‌ نهێنی و شاراوه‌یه‌، جموجۆڵه‌كه‌ی توركیا زۆرترین زیانی به‌ پێوه‌ندییه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌ و واشنتن له‌ نێو هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سیش گه‌یاندووه‌.

به‌رپرسه‌كان له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ناویان بڵاو بكرێته‌وه‌ و دووپاتیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، به‌رنامه‌ نهێنییه‌كه‌ی توركیا و ئه‌مه‌ریكا بریتی بوو له‌ یارمه‌تی هه‌واڵگری له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ توركیا، به‌ ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان كه‌ توركیا به‌ "گرووپێكی تیرۆریست"ی ناویان ده‌بات.

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسانه‌ هاتووه‌، كه‌ پێشتر فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیك و بنكه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی تری ئه‌مه‌ریكا له‌ ناوچه‌كه‌ چوونه‌ته‌ ئاسمانی ئه‌و ناوچانه‌ی په‌كه‌كه‌ی لێیه‌ و زانیاری وردیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و به‌ توركیا دراوه‌، به‌ڵام له‌ مه‌ودوا چیتر واشنتن ئه‌و هاوكارییانه‌ پێشكه‌شی ئه‌نكه‌ره‌ ناكات.

هاوكارییه‌كه‌ بریتی بووه‌ له‌ پێدانی زانیاری هه‌واڵگری له‌باره‌ی شوێنه‌كانی په‌كه‌كه‌
به‌ وه‌ستاندنی ئه‌و هاوكارییه‌ی ئه‌مه‌ریكا، به‌ بڕوای به‌رپرسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا دژ به‌ په‌كه‌كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زۆر ده‌بنه‌وه‌ و تێچوویشیان له‌سه‌ر ئه‌نكه‌ره‌ زۆر زیاتر ده‌كه‌وێت.

هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ڕه‌تی كرده‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بكات، به‌ڵام به‌رپرسێكی توركیا پشتڕاستی ئه‌و زانیارییانه‌ی كرده‌وه‌ و هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ هاوكارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ توركیا به‌ ته‌واوی وه‌ستێنراون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د