له شارۆكه‌ی سۆران و ده‌وروبه‌ری، هه‌زاران كه‌س سوودمه‌ندی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ن، چه‌ند ساڵێكه حكوومه‌ت به بڕیارێك پێشینه له مووچه‌خۆر وه‌رناگرێته‌وه، به‌ڵام هاووڵاتییان ناچار به‌دانه‌وه‌ی ده‌كات و ته‌نانه‌ت سزایشیان ده‌دات. به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی خانووبه‌ره ده‌ڵێ، ئه‌و پێشمه‌رگه و ده‌زگه ته‌ناهییانه‌ی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆن و به‌شداری شه‌ڕی داعشیان كردووه، به نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌یان سزا نادرێن .
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كرێچی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گونده‌كانی كوردستان، ساڵی 2012 پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ی به‌شێوه‌ی پاره‌ی كاش له رێی بانكه‌كانه‌وه، بڕی 20 تا 25 ملیۆن دیناری به هاووڵاتییان له شار و شارۆكه‌كانی كوردستان داوه.
به‌شێكی زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشینه‌كه‌یان وه‌رگرتووه، مووچه‌خۆرن و مانگانه حكوومه‌ت له رێی سیستمێكه‌وه پێشینه‌كه ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دروستبوونی ته‌نگژه‌ی دارایی، ماوه‌ی چوار ساڵ زیاتره وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كه له مووچه‌خۆر راگیراوه و بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار وه‌رناگیرێته‌وه، به‌ڵام هاووڵاتییانی بێمووچه ناچارن ساڵانه ئه‌و بڕه پاره‌یه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت، به‌پێچه‌وانه‌وه سزای دارایی ده‌درێن یا مووچه‌ی كه‌فیله‌كانیان راده‌گیرێت.
سلێمان عه‌بدوڵا هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ئازادیی سۆران، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ی وه‌رگرتووه. ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، "هه‌موو بڕیاره قورسه‌كان بۆ هاووڵاتییانه، ته‌مه‌نم 45 ساڵه و له هه‌موو ژیانم ته‌نیا سوودم له‌و پێشینه‌ی حكوومه‌ت وه‌رگرتووه، كه‌چی ئه‌ویش جیاكاری زۆری تێدایه، مووچه‌خۆر پێشینه‌كه‌یان لێ وه‌رناگیرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه‌ی هاووڵاتی ئه‌گه‌ر ساڵانه به‌شێكی پێشینه‌كه نه‌گه‌ڕێنینه‌وه، سزای دێته سه‌ر، یا مووچه‌ی ئه‌و كهفیلانهمان راده‌گیرێت كه فه‌رمانبه‌ری حكوومین" .
زیاتر گوتی، "داوا له وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ین گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه بۆ هاووڵاتی و مووچه‌خۆر وه‌ك یه‌ك بێت، چونكه دروست نییه مووچه‌خۆر مانگانه مووچه‌ی باش وه‌ربگرێت و پێشینه نه‌ده‌نه‌وه، هاووڵاتییانیش دینارێكیان نه‌بێ، ناچاریش بن پاره‌ی پێشینه بگه‌ڕێننه‌وه".
بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت بۆ مووچه‌خۆر له كاتی ته‌نگژه‌ی داراییدا هات كه نه‌یتوانی مانگانه مووچه بدات و سێ له‌سه‌ر چواری مووچه‌كه‌یشی بڕی به ناوی "پاشه‌كه‌وت".
عیسا لاوه هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی شاره‌دێی سیده‌كان له سنووری سۆران كه پێشمه‌رگه‌یه. به"وشه" ده‌ڵێ، "ساڵی 2012 بڕی 20 ملیۆن دینارم وه‌ك پێشینه‌ی خانووبه‌ره له حكوومه‌ت وه‌رگرتووه و توانیم به‌و پاره‌یه خانووه‌كه‌م ته‌واو بكه‌م، پاره‌ی پێشینهكهم تا ساڵی 2015 گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، دواتر كوردستان تووشی ته‌نگژه‌ی دارایی و شه‌ڕی داعش بوو و وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه راگیرا، به‌ڵام ئێسته داوای ده‌كه‌ن".
له سه‌ره‌تاوه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه جێی تێبینیی سوودمه‌ندان بوو، ساڵی 2012 پێشینه‌ی خانووبه‌ره 20 ملیۆن دینار بوو و ساڵانه ده‌بوو یه‌ك ملیۆن و 667 هه‌زار دیناری لێ بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت، كه‌چی ئه‌وانه‌ی ساڵَی 2013 سوودمه‌ندی پێشینه‌كه بوون، بڕی 25 ملیۆن دیناریان پێ درا و ساڵانه‌یش ته‌نیا یه‌ك ملیۆن دیناریان لێ وهردهگیرێتهوو.
له‌لایه‌ن بانكه‌كانی خانووبه‌ره‌وه هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌یان به هاووڵاتی وه‌رگرتووه تا پاره‌ی ساڵانه‌ی پێشینه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه مووچه‌ی كه‌فیلی سوودمه‌نده‌كه راده‌گیرێت .
غه‌یدا بیرۆخی شاره‌زا له بواری كارگێڕی و ئابووری، به"وشه"ی راگه‌یاند، له هه‌رێمی كوردستاندا پیشینه‌ی خانووبه‌ره گرنگییه‌كی زۆری هه‌بووه و بووه هۆی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گوند و خه‌ڵكێكی زۆر سوودیان لێ بینی، به‌تایبه‌تی توێژی هه‌ژار و مامناوه‌ند، له رێی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌وه توانیان كاره‌كانی پێویست به دروستكردنی خانوو ئه‌نجام بده‌ن، سه‌رجه‌م پێشینهكانیش له قازانجی حكوومه‌ت و هاووڵاتیدایه.
ئه‌و به‌پێویستی ده‌زانێ پێشینه‌ی خانووبه‌ره به‌رده‌وام بێت و ته‌نگژه‌ی ئابووری كاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌بێت، حكوومه‌ت ده‌توانێ كارێكی وا بكات كه له رێی بانكه ئه‌هلییه‌كانه‌وه ئه‌م پێشینه‌یه بدرێت به هاووڵاتییان، واته بانكی ئه‌هلی هه‌مان كاری بانكی حكوومی بكات، پێویسته رێ بدرێت كه‌رتی تایبه‌ت جێی كه‌رتی گشتی بگرێته‌وه، له زۆربه‌ی وڵاتانیش ئه‌وه هه‌یه و سه‌ركه‌وتوو بوون.
له سنووری سۆران 12 هه‌زار كه‌س پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌یان وه‌رگرتووه
هاوكات فه‌رهاد جه‌لال به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی خانووبه‌ره‌ی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "له سنووری بانكی خانووبه‌ره‌ی سۆران، نزیكه‌ی 12 هه‌زار كه‌س به هاووڵاتیی و مووچه‌خۆر سوودمه‌ندی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌ن، به‌شێكیان 20 ملیۆن و هه‌ندێكی تریان 25 ملیۆنیان پێ دراوه و هه‌زاران مامه‌ڵه‌ی وه‌رگرتنی پێشینه‌ی نوێش له به‌رده‌سته، به‌ڵام ئێسته حكوومه‌ت پێدانی پێشینه‌ی راگرتووه و دیاریش نییه كه‌ی ده‌ست به دابه‌شكردنی ده‌كرێته‌وه".
روونی كرده‌وه، به‌هۆی ئه‌و دۆخه ناله‌باره ئابوورییه‌ی تووشی هه‌رێمی كوردستان بوو، حكوومه‌تی هه‌رێم وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه له فه‌رمانبه‌ر و هاووڵاتییانی راگرت، تا ئێسته‌یش پێشینه‌كه له مووچه‌خۆر وه‌رناگیرێت و به بڕیار و رێنوێنی راگیراوه.
جه‌لال دووپاتی كرده‌وه، هه‌ر فه‌رمانبه‌ر و پێشمه‌رگه و ده‌زگه ته‌ناهییه‌كان كه پێشینه‌یان وه‌رگرتبێت و مامه‌ڵه‌یان له‌سه‌ر مووچه كردبێت، ئه‌وا پێشینه‌كه‌یان لێ وه‌رناگیرێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی بڕیار له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران یا وه‌زاره‌تی دارایی ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ی پێشینه‌ی خانووبهرهیشی به هاووڵاتی وه‌رگرتبێت، ده‌بێ پێشینه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه.
به‌ڕێوه‌به‌ری بانكی خانووبه‌ری سۆران زیاتر گوتی، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك پێشینه‌ی به هاووڵاتی وه‌رگرتبێت، ده‌توانێ پێشینه‌كه‌ی بخاته سه‌ر ئه‌و مووچه‌یه‌ی هه‌یه‌تی، به‌ڵام ده‌بێ قه‌رزی پێشتر و ئه‌و سزایه‌ی به‌هۆی نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌كه بۆی ئه‌ژمار كراوه، بیگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌وكات بۆی ده‌خه‌نه سه‌ر مووچه‌كه‌ی .
زیاتر روونی كرده‌وه، وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاره‌كه و گواستنه‌وه‌ی پێشینه له فه‌رمانبه‌رانیش جیاوازی هه‌یه، ئه‌و پێشمه‌رگه و ده‌زگه ته‌ناهییانه‌ی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆن و به‌شداریی شه‌ڕی داعشیان كردووه، به‌هۆی نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌یان سزا نادرێن و پاره‌ی قهرزهكهیشیان كه‌متر لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه.
پێدانی پێشینه‌ی خانووبه‌ره، سوودی زۆری به ئاوه‌دانی كوردستان گه‌یاندووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كرێچێتی هه‌بووه، زۆربه‌ی گونده‌كانیش به‌هۆی پێشینه‌كه خانووی مۆدێرن و نوێیان لێ دروست كرا.
وشه/سۆران– مورشید برادۆستی