لە 24 سەعاتی رابردوودا نرخی نەوت سەرووی 5% هەڵكشاوە

:: AM:09:32:06/02/2020 ‌

دوو رۆژە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و لەو ماوەیەدا سەرووی 5% لە نرخەكەی هەڵكشاوە، بڵاوبوونەوەی هەندێك هەواڵ و زانیاری لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی دژە كۆرۆنا، بە گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی بەهای نەوت هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی livechart ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوباتی 2020، نرخی نەوت بە 57 دۆلار و 20 سەنت دەفرۆشرێت و لە دوێنێ چوارشەمەوە سەرووی سێ دۆلار لە نرخەكەی بەرز بووەتەوە. ئەم هەڵكشانە دوای ئەوە دێ كە چەند هەفتەیەك بوو نرخەكەی رووی لە دابەزین كردبوو و رۆژی سێشەم بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی 14 مانگی رابردوو دابەزی.
هەواڵی دۆزینەوەی دەرمانی کۆرۆنا نرخی نەوتی بەرز کردووەتەوە

سەرەتای ئەمساڵ تەنیا بە هۆكاری ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا نرخی نەوت بە خێرایی هەڵكشا، ئەگەرنا زۆربەی رووداوەكانی دواتر نرخی نەوتیان دابەزاندووە.

گرنگترین هۆكار كە لانی كەم لە دوو هەفتەی رابردوودا بازاڕی نەوتی بە تەواوی سست كردووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە لە چین كە بە چەندان وڵاتی تردا بڵاو بووەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوەی بۆ سەر تەواوی وڵاتانی دنیا دەكرێت.

 ئەوەی لەم دوو رۆژەشدا نرخی نەوتی بەرز كردووەتەوە، بڵاوبوونەوەی هەندێك هەواڵ و زانیارییە لەسەر دۆزرانەوەی دەرمانی دژە كۆرۆنا.

چین بە گرنگترین وڵاتی كڕیاری نەوت لە دنیادا هەژمار دەكرێت و هەر جۆرە كاریگەرییەك بۆ سەر كەرتی پیشەسازی و ئابووری ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی دابەزینی داخوازی لەسەر نەوت و دواجار دابەزینی نرخی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان