رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان شەشی شوباتی بە رۆژی جیهانیی رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی خەتەنە ناساندووە. نەریتێكی مەترسیدار كە لە پەرەسەندندایە و ساڵانە یەك ملیۆن كچ بە هۆیەوە دەبنە قوربانی.
"ژنەكە لە ناو جانتاكەی مووسێكی شكاوی دەرهێنا، كەمێك تفی بە مووسەكە داكرد و دواتر بە جلەكانی خاوێنی كردەوە، ئیتر لەمەودوا هیچم نەبینی، چونكە دایكم پەڕۆكێكی بە سەرچاوم دادا، لەپڕ هەستم كرد گۆشتی بەشێكی لەشم لێ دەكەنەوە و ئەوەندە بە ئازار بوو كە بوورامەوە، كاتێك بەهۆش هاتمەوە ئارەزووم دەكرد بمرم چونكە پەڕۆكەكەی سەرچاوم لادرابوو و هەمان پیرێژنم بینی كە بە دەرزییەك خەریكە لەشم كون دەكات و بە داوێكی سپی دەیدروویتەوە، دووبارە بوورامەوە و كاتێك بەهۆش هاتمەوە، بینیم هەردوو رانم بە پارچەیەك بەسترابوون و نەمدەتوانی رانم لە یەكتر جیا بكەمەوە." ئەمە بیرەوەریی كچێكی سۆماڵییە كە پێشتر خەتەنە كراوە.
لە كولتووری سۆماڵدا قسەیەك باوە كە دایكان بۆ كچەكان باسی دەكەن، ئەویش ئەوەیە لە نێوان دوو رانی كچ شتێكی پیس هەیە و هەر دەبێت ئەو شتە پیسە لابچێت. كچە سۆماڵییەكە لە تەمەنی پێنج ساڵی ئەم ئەزموونە تاڵەی تاقی كردووەتەوە، ئەو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "كاتێك پێیان كردمەوە هەستم بە برینێكی زۆر كرد و دواتر بۆم دەركەوت چیم بەسەر هاتووە و زۆربەی ئەوانەی حاڵەتەكەیان وەك من گەیشتووەتە دۆخی خوێنبەربوون گیانیان لە دەست داوە."
كچەكە گەورە دەبێت و كتێبێك بە ناوی "گوڵی بیابان" دەنووسێت. لە بەشێكی بیرەوەرییەكانیدا باس لەوە دەكات لەو گەشتانەی بە منداڵی كردوویەتی لەگەڵ كۆمەڵێك منداڵی هاوتەمەنی خۆی گەمەی دەكرد، دواتر كە دووبارە گەشتەكەی دەكردەوە و لەو منداڵانەی دەپرسی، دەیانگوت نەماون و دواتر بۆم روون دەبووەوە بە هۆكارێك مردوون كە هەمان خەتەنە و حاڵەتی خوێنبەربوونیان بووە."
كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2004ەوە شەشی شوباتی بە رۆژی نەهێشتنی ئەم دیاردە مەترسیدارە ناساندووە، ساڵانە لەم رۆژەدا رێوڕەسمی جۆراوجۆر بۆ هوشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بەتایبەتی لەو وڵاتانەی هێشتا نەریتەكە باوە، رێك دەخات.
ساڵانە یەك ملیۆن كەس بەهۆی خەتەنە دەمرن
بەپێی دواین ئاماری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ساڵانە یەك ملیۆن كەس بەهۆی خەتەنە دەمرن، نەریتێكی قێزەون كە هێشتا لە 28 وڵاتی دنیا ماوە. لە هەندێك شوێن نەریتێكی بنەماڵەیی یان هۆزەكییە و لە هەندێك شوێنی تر تێكەڵاوی ئاین بووە. بەپێی خەمڵاندنەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەموو دنیادا ژمارەی ئەو كەسانەی خەتەنە كراون دەگاتە 200 ملیۆن كەس. یەك لەسەر چواری ئەو ئامارە منداڵانی خوار تەمەن 14 ساڵن.
ئەو 10 وڵاتەی لە ریزبەندی زۆرترین حاڵەتەكانی خەتەنە هەڵكەوتوون، ئەفریقایین. سۆماڵ بە رێژەی 98% و گامبیا بە رێژەی 75% لە ریزبەندی یەكەم و دەیەمی گرووپەكە هەڵكەوتوون.
دیاردەی خەتەنە لە هەرێمی كوردستان و پارچەكانی تری كوردستانیش هێشتا ماوە و هەرچەندە بەراورد بە دەیەكانی رابردوو كەمی كردووە، بەڵام هێشتا لە شار و گوندە دووردەستەكان بەنهێنیی كچان خەتەنە دەكرێن.
لە ساڵی 1997دا میسر یاسایەكی دەركرد كە خەتەنەی كچان نابێت لە ماڵان بكرێت و دەبێت لە بنكەی تەندروستی یان نەخۆشخانەكان بكرێت. لە ساڵی 2007 بەگشتی میسر ئەم كارەی قەدەغە كرد بە تایبەت دوای ئەوەی لە بنكەیەكی تەندروستی كچێك بە هۆی خەتەنە گیانی لە دەست دا.
87%ی ژنانی میسر خەتەنە كراون
87%ی ژنانی میسر خەتەنە كراون و ئەو نەریتەش لە فیرعەونەكانەوە بۆیان ماوەتەوە، تەنانەت جگە لە لابردنی پارچەیەك گۆشت، ئەو بەشەش دەدروونەوە كە گرنگترین ئەندامی زاوزێیە و تەنیا كونێكی بچووكی لێ دەهێڵنەوە كە تایبەتە بە عادەبوونی مانگانە و كاتێكیش كچ شوو دەكات، ئەوا لە شەوی بووكێنی لەگەڵ ئازارێكی زۆر بەرەوڕوو دەبن چونكە دەبێت كونەكەیان بۆ بكرێتەوە.
لە ئەڵمانیا خەتەنەكردنی كچان تاوانە و لە ساڵی 2015ەوە ئەو كچە ئەڵمانییانەی لە دەرەوەی وڵاتیش خەتەنە دەكرێن، ئەوا لێپێچینەوە لە دایك و باوكیان دەكرێت. هەر ئێستە ژمارەی ئەو كچانەی خەتەنە كراون و لە ئەڵمانیا دەژین دەگاتە 70 هەزار كەس.
واریس دیری كە لە سەرەوە بەشێك لە بیرەوەرییەكەی باس كرد، كاتێك گەورە دەبێت لە گوندەكەیان را دەكات و دواجار لە ئەوروپا دەبێت بە مانكین و مۆدێلیست ، هەرچەندە بە یارمەتیی پزیشكێك هەوڵی چارەسەركردنی خۆی دەدات، بەڵام دەڵێ هەرگیز نەیزانی چێژی سێكس چییە.
ئەو بۆ "
دۆیچەوێلە" دەڵێت، "ئێستە من كەسێكی كەمئەندامم هەرچەندە ئەو كەسەی لەگەڵی دەژیم زۆرم خۆش دەوێت و عاشقی ئەوم، بەڵام هەرگیز نازانم تامی سێكس چییە."
یەكێك لە وتارەكانی ئەم كچە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر رای گشتیی دنیا دروست كرد، بۆیە دواجار بۆ رێكخراوێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بانگهێشت كرا تا لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە رۆڵی زیاتر ببینێت.