سوودان ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەكانی ئیسرائیل دەكاتەوە

:: PM:12:13:06/02/2020 ‌

سوودان بڕیاری داوە ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بكاتەوە و هەموو ئەو فڕۆكانەی لە وڵاتێكی ترەوە دەیانەوێ بچنە ئیسرائیل، دەتوانن لە ئاسمانی سوودان سوود وەربگرن.

عومەر محەمەد حوسێن گوتەبێژی سوپای سوودان باسی لەوە كردووە كە لەسەر گەشتی ئەو فڕۆكە بازرگانییانەی لە باشووری ئەمەریكاوە دەیانەوێ بچنە ئیسرائیل، لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل بە جۆرێك رێككەوتن گەیشتوون.

ئەو روونی كردووەتەوە كە لە رووی تەكنیكییەوە دانوستانەكان بەردەوامن، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتا لەسەر ئەوە نەدراوە كۆمپانیای ئەلعالی ئیسرائیل سوود لە ئاسمانەكەی وەربگرێت.
ئەوەی دەكرێ تەنیا ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە

گوتەبێژی سوپای سوودان رەتی كردووەتەوە، سەرجەم پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بووبێتەوە، بەڵكو ئەوەی دەكرێ تەنیا ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییە.

پێدانی مۆڵەتی سوود وەرگرتن لە ئاسمانی سوودان بەو فڕۆكانەی دەچنە ئیسرائیل، دوو رۆژ دوای ئەوە دێت عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری سوودان لە ئوگاندا چاوی بە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كەوت.

بەگوێرەی "شەفەقنا" كۆبوونەوەی بورهان و نەتەنیاهۆ هەندێك ناڕەزایەتی لە ناو خەڵك دروست كرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە كە خەریكی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانیانن لەگەڵ سوودان.

پێویستە بگوترێ زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی پێوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام بە ئاشكرا ناوێرن باس لەو پێوەندییانە بكەن.



وشە - سلێمان تاشان