فەرماندەیەكی سەرایای سەلامی موقتەدا سەدر كوژرا

:: PM:01:36:06/02/2020 ‌

سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای بەسڕە دووپاتی كردەوە كە شێخ حازم حلفی سەركردەیەكی گرووپی چەكداری سەرایای سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر لە بەسڕە كوژراوە، ئەوەیش دووەم رووداوی كوشتنی بەرپرسانی رەوتی سەدرە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا.
جەنگێكی شاراوەی گرووپە چەكدارییەكانی شیعە بەڕێوە دەچێت
هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی خۆپێشاندانەكانی عێراق كە تا ئێستە سەتان كوژراو و هەزاران بریندار و پەككەوتە و دەیان گیراو و چارەنووس نادیاری لێ كەوتووەتەوە، ململانێیەكی سەختی نێوان گرووپە چەكدارییەكانی شیعە هەیە، بەتایبەتی لەنێوان سەدرییەكان و عەسائیب كە لە میانەی خۆپێشاندانەكان بەرپرسی عەسائیب لە میسان كوژرا و قەیس خەزعەلی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا.

سەرچاوە تەناهییەكە لە بەسڕە روونی كردەوە، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو شێخ حازم حلفی، سەركردە لە سرییەكانی سەلامی سەر بە موقتەدا سەدریان لە نزیك پردی محەمەد قاسم لە رۆژئاوای بەسڕە كوشتووە، كاتێك ئەو پیكابێكی ژمارەی حكوومەتی پێ بووە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری.

ئەو رووداوەی ئەمڕۆ دوای رووداوێكی هاوشێوە دێت كە بەر لە دوو رۆژ ئەبو موقتەدا ئەزریجاوی، سەركردە لە رەوتی سەدری لە پارێزگای میسان كردە ئامانج و دوێنێ چوارشەم بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل