رێكخراوێكی ناحكوومی لە شارۆكەی سۆران، لە رێی ئەندامانی توانیویەتی هەزاران بوتڵ خوێن بۆ هاووڵاتییان و نەخۆشان لە سەرجەم كوردستان دابین بكات .
هونەر عەبدولواحید سەرۆكی رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان بە "وشە"ی را گەیاند، "لە دەستپێكی ساڵی 2015 بە فەرمی لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكوومییەكان مۆڵەتی "رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان"مان وەرگرتووە، ئامانجمان هێنانەدی گیانی خۆبەخشی و هاوكاریكردنی هەژاران و نەخۆشانی كەمدەرامەت و دروستكردنی تیمێكی فراوانی خۆبەخشییە، بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریكردنی ئەو كەسانەی پێویستییان بە خوێن و هاوكارییە".
هەشت هەزار خوێنبەخشیان لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان هەیە.
رێكخراوەكە لە تەواوی شار و شارۆكەكان لقیان هەیە و ئەندامانی خۆبەخشی خوێن بۆ بەخشینی خوێن لە ئامادەباشیدان. ئۆفیسی سەرەكی رێكخراوەكە لە سەنتەری سۆرانە و خاوەنی 17 لقە لە تەواو شار و شارۆكەكانی كوردستان بە كەركووكیشەوە، خاوەنی هەزار و 15 ئەندامە، 120 كارگێڕ و هەشت هەزار خوێنبەخشیان لە سەرجەم شار و شارۆكەكانی كوردستان هەیە.
وەك سەرۆكی رێكخراوەكە باسی كرد، لە رووی دارایی و بەڕێوەچوونی كارەكانیان، خێرخواز و ئەندامانی رێكخراو هاوكارن و پاڵپشتی كار و چالاكییەكانیانن، جگە لەمە پێوەندی بەردەوامیان هەیە لەگەڵ هەموو ئەندامان و خوێنبەخشەكان و لە رێی ستافی كارگێڕی لقەكانیان، لە ماوەی دامەزراندنیان تا ئێستە زیاتر لە 20 هەزار بوتڵ خوێنیان بەخشیوە، وێڕای هاوكاریكردنی زیاتر لە 450 خێزانی كەمدەرامەت.
"جۆرە ناقسەكانی خوێن زۆر كەمن، بەڵام تا ئێستە هیچ گرفتمان نەبووە لە دابینكردنی خوێن بەگشتی، نەخۆش هەبووە بە هۆی چاندنی جگەرەوە زیاتر لە 150 بوتڵ خوێنمان بۆی دابین كردووە، هەموو هاوكاری و خوێنبەخشێكمان بۆ هەر هاونیشتمانییەكی خۆبەخش بێ بەرانبەر ئەنجام داوە ". هونەر عەبدولواحید وای گوت
ئەو دووپاتی كردەوە، لە سۆران بانكی خوێنی مەركەزی نییە، بەڵام لە هەوڵدان لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار بۆ ئەوەی بتوانن ئەم بانكە بكەنەوە كە لە ساڵی 2017 توانییان بە هاوكاری دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم و بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەولێر، گشت پێداویستییەكانی بانكی خوێن دابین بكەن.
هاوكات دكتۆر كاروان جەمال بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "لەلایەن رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان لیستێكیان بۆ هاتووە كە ناو و ژمارەی مۆبایل و شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو كەسانەی تێدایە كە خوێن بە هاووڵاتییان دەبەخشن، بۆیە لە كاتی پێویست پێوەندیتان پێوە دەكەن . هەرچەندە بانكی خوێن لە نەخۆشخانەكەیان بوونی هەیە، بەڵام هەموو كات و سات خوێنی تێدا نییە ئەمەش پێوەندی بەچەند هۆكارێكەوە هەیە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی گشتی لە سۆران كە نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەییە و بەشی فریاكەوتنیشی هەیە، رێكخراوی بەخشینی خوێن و ژیان یارمەتیدەرێكی باشی نەخۆشخانەكەیانە لە سۆران و پێی وایە، هەبوونی ئەو جۆرە رێكخراوانە سوودی بۆ خەڵك هەیە و ئاسانكاری باشی بۆ ئەوان و هاووڵاتییان و نەخۆشەكان دروست كردووە، بۆیە پێویستە گرنگی بەو جۆرە رێكخراوانە لە كوردستان بدرێت تا بەردەوام بن لە كاری خێرخوازی و مرۆیی.
وشە/سۆران – موڕشید برادۆستی