رووداوەكەی شەوی رابردووی نەجەف ناڕەزایەتی توندی لێ دەكەوێتەوە

:: PM:02:08:06/02/2020 ‌

شەوی رابردوو كڵاوشینەكانی سەر بە سەرایای سەلامی موقتەدا سەدر، هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی سەرەكیی مانگرتنی خۆپێشاندەرانی نەجەف  و خێوەتی ئەوانیان سووتاند و 11 خۆپێشاندەریان كوشت و 30 تریشیان بریندار كرد، ئەو رووداوە كاردانەوەیەكی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.
پێویستە حكوومەتی ئێستە و ئەوەی داهاتوو خۆپێشاندەران بپارێزن
نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یۆنامی)، ئەمڕۆ پێنجشەم سەركۆنەی رووداوەكەی شەوی رابردووی نەجەفی كرد كە ژمارەیەكی زۆری قوربانی لەریزی خۆپێشاندەران لێ كەوتەوە، جینین هینس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی نێردەكە لە تویتێك نووسیویەتی، بەتوندی سەركۆنەی توندوتیژییەكەی شەوی رابردووی نەجەف و كەوتنەوەی ژمارەیەكی زۆری قوربانیان دەكەین.

زیاتر گوتی، پێویستە مسۆگەریی پارێزراوی گیانی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بكرێت لە هەموو كاتەكان نەوەك دوای لەدەست دەرچوونی بابەتەكە، وەك ئاماژەیەك بۆ هەوڵی حكوومەت و هێزە تەناهییەكانی عێراق كە دوای كەوتنەوەی قوربانییەكی زۆر و سووتانی خێوەتەكان هاتنە ناو بابەتەكە.

لیژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی لای خۆیەوە سەركۆنەی رووداوەكەی كرد و داواشی لە هێزە تەناهییەكانی عێراق كرد كە خۆپێشاندەران بپارێزن، كاتارینا ریتز سەرۆكی لیژنەكە لە بەیاننامەیەكی كورتدا گوتی، پێویستە توندوتیژی لە عێراق بوەستێت و هێزە تەناهییەكانیش بەتەواوەتی گیانی خۆپێشاندەران بپارێزن، هاوكات لە پێوەندی بەردەوامداین بە نەخۆشخانەكانی نەجەف بۆ یارمەتیدانیان.

هەر لەو بارەوە ستیفن هیكی باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق رای گەیاند كە رووداوی شەوی رابردووی نەجەف تووشی شۆكی كردم  و پێویستە تاوانكاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، ئەو لە تویتەر نووسیویەتی، بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەدژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز لە نەجەف تووشی شۆك بووم، لەوكاتەی كاری لەپێشینەی حكوومەتی ئێستە و ئەوەی داهاتووە كە توندوتیژی كۆتایی پێ بێنن و خۆپێشاندەران بپارێزن و لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانكاران بكەن، لەوانەیش گرووپە چەكدارە لەیاسا دەرچووەكان.

مارتن هووس باڵوێزی یەكێتی ئەوروپا داوای دیاریكردنی تاوانكارانی رووداوەكەی نەجەفی كرد و لە تویتێك نووسیویەتی، تۆقین و توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران لەسەر دەستی ژمارەیەك چەكدار كە شەوی رابردوو لە نەجەف قوربانی لێ كەوتەوە، قبووڵ نەكراوە و پێویستە تاوانكاران دیار بكرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت، كە ئەو جۆرە كارانە پێشوەچوونی سیاسی تێكدەدەن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل