خۆپێشاندەران چاویان لە سیستانی و ئەمەریكایە بیانپارێزێت

:: PM:03:05:06/02/2020 ‌

دوای ئەو توندوتیژییەی دوایی عێراق كە راستەوخۆ بە فەرمانی موقتەدا سەدر لەلایەن كڵاوشینەكانی سەر بە گرووپی چەكداری سەرایای سەلام هەوڵی نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان و كۆنترۆڵكردنی گۆڕەپانەكانی مانگرتن دەدرێت، سەرچاوەیەك ئاشكرای كرد كە ئەگەری هەیە ئەمەریكا پێنج كەسایەتی نزیك لە سەدر سزا بدات و شیعەیش چاوەڕوانی گوتاری هەینی سیستانی دەكەن.
بێدەنگی سیستانی و ئەمەریكا گڵۆپی سەوزی كۆتاهێنانە بە ناڕەزایەتییەكان
لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەكانی عێراق لە تشرینی یەكەمی رابردوو، موقتەدا سەدر لە ئێرانە، ئەو لەوێوە لایەنگرانی بە پاڵپشتیكردن و نەیاری بۆ خۆپێشاندانەكان ئاراستە دەكات، دوای ئەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك كاندیدی سەدر بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق هاتە راسپاردن، ئێستە سەدر دەیەوێت خۆپێشاندەكان بەزەبری هێز نەهیڵێت، شەوی رابردوو لایەنگرانی سەدر كوشتارگەیەكیان بۆ خۆپێشاندەران دروست كرد و دەیانیان كوشتن و بریندار كرد، ئەوەیش ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە.

سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی رۆژئاوایی لەوبارەوە دەڵێت، پێشبینی دەكرێت ئەمەریكا ناوی پێنج كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر بخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە، ئەوەیش بەهۆی پەرەسەندنەكانی رۆژانی دوایی كە كڵاوشینەكان بەئاشكرا دەستدرێژی دەكەنە سەر خۆپێشاندەرانەوە.  

بەپێی سەرچاوەكە سزاكان هەریەك لە كازم عیساوی، ئەبو دوعا بەرپرسی سەربازی و شێخ ئیبراهیم جابری بەرپرسی كارگێڕی و مستەفا یەعقووبی بەرپرسی دارایی و حەسەن عەزاری بەرپرسی هەواڵگری و مەحموود جەیاشی بەرپرسی رێنوێنی فەتوا و عەقیدەیی دەگرێتەوە.

شەوی رابردوو 200-300 لە كڵاوشینەكانی سەر بە موقتەدا سەدر هەڵیان كوتایە سەر گۆڕەپانی سەدرییەكان لە نەجەف كە گۆڕەپانی سەرەكیی مانگرتنی خۆپێشاندەرانی نەجەفە و دوای سووتاندنی چەندان خێوەت، 11 خۆپێشاندەریان كوشت و زیاتر لە 150 شیان بریندار كرد و لە هێرشەكەدا گولەی راستەقینەیان بەكار هێنا.  

محەمەد شەیاع سوودانی كاندیدێكی رەتكراوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتەر نووسیویەتی، ئەوەی لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن رووی دا و روو دەدات لە كوشتن و سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بە پاساوی لابەلا و لەبەرچاوی هێزە تەناهییەكان، بریتییە لە كودەتایەك لەسەر دەوڵەت و رووبەڕووبوونەوەی یاسا.

دوای رووداوەكەی شەوی رابردوو، ناڕەزایەتییەكی گەورەی نێودەوڵەتی لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی و بەریتانیا لێ كەوتەوە، ئەوان سەركۆنەی ئەو كوشتارگەیان كرد كە لەبەرچاوی حكوومەت و هێزە تەناهییەكان روو دەدات، بۆیە داوایان لە حكوومەتی ئێستە و ئەوەی داهاتووی عێراق كرد كە خۆپێشاندەران بپارێزن و تاوانكاران سزا بدرێن.

لەو ناوەدا دوای رووداوەكە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئەركی پاراستنی خۆپێشاندەرانی خستە ئەستۆی حكوومەتی كاربەڕێكەر و ئەمڕۆیش عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكوومەتی كاربەڕێكەر فەرمانی بە دەست پێكردنی لێكۆڵینەوە لە كوشتارگەكەی نەجەف كرد.

هاوكات ئێستە شەقام و هێزە سیاسییەكانی شیعە چاوەڕوانی وتاری سبەی هەینی عەلی سیستانی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دەكەن لەبارەی بۆچوونی بەرانبەر ئەو كوشتارگەی لە نەجەف و ئەو سەركوتكارییەی سەدرییەكان دژی خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی دەستیان پێ كردووە، بۆیە ئەگەر سیستانی بێدەنگی نواند، ئەوە دەبێتە گڵۆپی سەوز بۆ سەدرییەكان بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل