ژمارەی ئەو وڵات و سەنتەرە زانستی و پزیشكییانەی باس لە دۆزینەوەی دەرمان لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن و بەریتانیاش بڵاوی كردەوە كە توانیویانە دەرمانی ڤایرۆسەكە بدۆزنەوە.
گرووپێك لە لێكۆڵەرەوانی بەریتانیا بە فەرمی ئەوەیان راگەیاندووە كە دەرمانی كوتان لە دژی نەخۆشییەكەیان دۆزیوەتەوە و لە هەفتەی داهاتووەوە لەسەر ئاژەلەكان تاقی دەكرێتەوە، پێشبینیش كراوە تاقیكردنەوەی ئەم جۆرە كوتانە لەسەر مرۆڤ لە هاوینی داهاتووەوە دەست پێ بكات.
پڕۆفیسۆر رابین شاتوك یەكیك لە پسپۆڕانی پزیشكی لە كۆلێژی ئیمپریالی لەندەن هەواڵەكەی بە دەیلی مەیل داوە و گوتوویەتی، ئەگەر تاقیكردنەوەكە سەركەوتوو بێت، ئەوا لە هاوینەوە لەسەر مرۆڤ تاقی دەكەنەوە.
ئەگەر تاقیكردنەوەكە سەركەوتوو بێت، ئەوا لە هاوینەوە لەسەر مرۆڤ تاقی دەكەنەوە.
پسپۆڕەكە پێی وایە دۆزینەوەی ئەم جۆرە دەرمانانە زۆرجار دوو تا سێ ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئەوان توانیویانە لە ماوەی دوو هەفتەدا دەرەنجامی ئەرێنی دەستەبەر بكەن.
بەگوێرەی "مێهرنیوز" هەفتەی رابردووش لە هۆنگ كۆنگ باس لە دۆزینەوەی دەرمانێك دژی كۆرۆنا كرا، هاوكات پزیشكانی تایلەندیش زانیاری دڵخۆشكەریان لەوبارەیەوە بڵاو كردووەتەوە.
كوتان زیاتر بۆ بەرگری لەشە بەرانبەر بەم ڤایرۆسە و ئەو دەرمانەی چارەسەریی كەسی تووشبوو دەكات، هێشتا 100% نەدۆزراوەتەوە هەرچەندە هەندێك هەواڵی جیاواز باس لە دۆزینەوەی دەرمانەكە دەكەن.
بەپێی دواین ئامارەكان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا 28 هەزار و 344 كەس نەخۆش كەوتوون و 565 كەسیش گیانیان لە دەست داوە.