باڵوێزخانەی ئەمەریكا سەركۆنەی كوشتنی خۆپێشاندەرانی نەجەف دەكات

:: PM:03:38:06/02/2020 ‌

دوای رووداوەكەی شەوی رابردووی نەجەف كە كوژران و برینداربوونی دەیان خۆپێشاندەر و سووتانی خێوەتەكانی مانگرتنیانی لێ كەوتەوە، ئەمڕۆ باڵوێزخانەی ئەمەریكا سەركۆنەی رووداوەكەی كرد و بە هێرشێكی دڕندانەی وەسف كرد.
پێویستە حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ هەڵسوكەوتی تاوانكاران دابنێت
نووسینگەی گوتەبێژی فەرمی باڵوێزخانەی ئەمەریكا ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بەتوندی سەركۆنەی هێرشە دڕندانەكەی دوێنێ چوارشەمی شاری نەجەف دەكات كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك خۆپێشاندەری ئاشتیخواز.

زیاتر گوتی، جێی نیگەرانییە تا ئێستەیش رێگە بە گرووپە چەكدارەكان دەدرێت بۆ پێشێلكردنی سەروەریی یاسا لە عێراق و دەربازبوونیان لە سزادان لە رێگەی دەستدرێژی بۆ سەر هاووڵاتییانی ئاشتیخواز كە مافی دیموكراسی خۆیان و ئازادی دەربڕین پێڕەو دەكەن، لەوانەیش داوای چاكسازی سیاسی و ئابووری. 

بەیاننامەكە ئاماژەی كرد كە ئەركی حكوومەتی عێراقی و هێزە تەناهییەكانە سنوورێك بۆ ئەو شەقاوەییە دابنێن كە بریتییە لە كوشتن و رفاندنی چالاكانی مەدەنی و رۆژنامەوانان و لێدانیان و بەكارهێنانی گولەی راستەقینە و سووتاندنی خێوەتیان لە خۆپێشاندانە ئاشتیانەكەی ئەوان، بۆیە پێویستە حكوومەتی عێراق سنوورێك بۆ هەڵسوكەوتی تاوانكاریی ئەوان دابنێت و بیانداتە دادگە. 

باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە كۆتادا سڵاوی بۆ خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز رەوانە كرد بەهۆی دانبەخۆداگرتنیان لەبەرانبەر ئەو تەكتیكە بكوژانەی رووبەڕووی دەبنەوە و هانی ئەوانی دا بۆ پاراستنی شێوازی ئاشتیانەی خۆپێشاندانەكان، هەروەها رای گەیاند كە ئەمەریكا بەتەواوەتی پاڵپشتی لە مافی دیموكراسی ئەوان دەكات لە ئازادی و گردبوونەوەی ئاشتیانە و رادەربڕین.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل