كورتهێنانی بازرگانی ئەمەریكی دوای شەش ساڵ كەمی كردووە، ئەمەیش دوای جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین كە وای كردووە گەشەی ئابووری هاوسەنگی بەخۆیەوە ببینێت و وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانیش دوو هێندە بەرز ببێتەوە. راپۆرتێكی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی دەڵێ، كەم بوونەوەی كورتهێنان بۆ سیاسەتی یەكەمجارە ئەمەریكا دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات،
وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكا رای گەیاند، كورتهێنان لە بودجەی بازرگانی كەمی كردووە، ئەمەیش یەكەمجارە دوای شەش ساڵ رووبدات. لە راپۆرتێكدا وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، سیاسەتی "یەكەمجار ئەمەریكا" كە دۆناڵد ترەمپ وەك ستراتیج پێڕەوی دەكات، وایكردووە كورتهێنان كەم بكات.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كە خۆی بە پیاوی "رسوماتی گومركی" ناو دەبات، بەڵێنی داوە پێداگیری زیاتر لەو سیاسەتە بكات و رێگری لە زیاتر هاوردەی نا دادگەری وڵاتان بۆ بازاڕەكانی ئەمەریكا بكات، كار لەسەر دووبارە رێككەوتنەكانی بازرگانی ئازاد دەكات.
بە بڕوای ترەمپ كەمبوونەوەی كورتهێنان لە بازرگانی گەشەی ئابووری ساڵانە بە رێژەی 3% زیاد دەكات، بەڵام ئابووری ئەمەریكا لە 2019 بە رێژەی 2.3% گەشەی كردووە، لە كاتێك لە 2018 بە رێژەی 2.9% گەشەی كرد بوو.
سیاسەتی یەكەمجار ئەمەریكا گەشەی ئابووری ئەمەریكای بەرز كردووەتەوە و ترەمپ بەڵێن بە بەردەوامی لەسەر ئەو سیاسەتە دەدات
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی بێت، كورتهێنان لە 2019 بە رێژەی 1.7% كەمی كردووە، ئەوەیشی پێشبینییەكان بەهێزتر دەكات لە بەردەوامی گەشەی ئابووری، بەرزبوونەوەی چالاكی سێكتەری خزمەتگوزارییە لە مانگی رابردوو كە تۆماری كۆمپانیاكان دەریدەخات خواست لەسەر هاوردە زیادی كردووە.
پەیمانگەی ئیدارەدانی هاوردە، چوارشەمی رابردوو رای گەیاند، چالاكی نا پیشەسازی بۆ 55.5% لە مانگی رابردوو بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مانگی ئابی رابردوو تا ئێستە. شارەزایانی ئابووری ئەمەریكی پێیان وایە، چالاكی نا پیشەسازی لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نایەت.
جێی باسە لە ساڵی رابردوو بە گشتی 1.7% هاوردەی كاڵا كەمی كردبوو، لەمەشدا 17.6%ـی بۆ جەنگی بازرگانی لەگەڵ چین دەگەڕێتەوە.