داعش جمووجۆڵه‌كانی له سنووری قه‌ره‌ته‌په زیاتر ده‌كات و ئێسته له نێوان ئه‌و شارۆكه و خورماتوو ڕێی هاتوچۆی بۆ تكریت كردووه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م حیكمه‌ت حه‌سه‌ن ئه‌فسه‌ری پۆلیسی شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، داعش له سنووری قه‌ره‌ته‌په ده‌ركه‌وتووه‌ته‌وه و بووه‌ته‌وه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
چه‌كدارانی داعش شاره‌زای ناوچه‌كه‌ن
ڕوونیشی كرده‌وه كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌و سنووره ده‌رفێنرێن ده‌گوازرێنه‌وه بۆ تكریت، چونكه له سنووری رۆژئاوای قه‌ره‌ته‌په و سنووری خورماتوو داعش رێی كردووه‌ته‌وه بۆ هاتوچۆی تكریت.
هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چه‌كدارانی داعش شاره‌زای ناوچه‌كه‌ن، چونكه هه‌میشه دوای كرده‌وه تیرۆریستیه‌كان به زووی له ناوچه‌كه‌دا نامێنن.
شاره‌دێی قه‌ره‌ته‌په ئه‌گه‌رچی سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قینه، به‌لاَم هاوسنووری شارۆكه‌ی كفری و شارۆكه‌ی خورماتووه.
لای خۆیه‌وه كه‌مال ئیبراهیم به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، داعش جگه له شاره‌زاییان له ناچه‌كه، هاوكات لاوازی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی قۆستووه‌ته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی كردوه‌ی تیرۆریستی.
ئه‌وه له كاتێكدایه كه به‌رده‌وام وریایی ده‌درێت له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می سوپای عێراق داعش له خۆ ڕێكخستنه‌وه‌یه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرێنی