ئەیاد عەلاوی: بەشداری حكوومەتێك ناكەین لەسەر خوێنڕشتن بنیات نرابێت

:: PM:04:33:06/02/2020 ‌

شەوی رابردوو نەجەف كوژران و برینداربوونی دەیان خۆپێشاندەری لەسەر دەستی كڵاوشینەكانی سەر بە موقتەدا سەدر بەخۆیەوە بینی كە پاڵپشتی سەرەكیی محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوە و دەیەوێ ناڕەزایەتییەكان لەدژی نەهێڵێت، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە دووپاتی كردەوە كە بەشداری لە حكوومەتێكی بنیاتنراو لەسەر خوێنی عێراقییەكان ناكەن.
نابنە بەشێك لەو حكوومەتەی میلیشیاكان دەیپارێزن
عەلاوی ئەمڕۆ پێنجشەم لە تویتێك نووسیویەتی، قسە و باس لەبارەی وەرگرتنی پۆست لەناو رژانی تاڤگەیەك خوێنی عێراقییەكان نەنگی و شەرمەزارییە و شایەنی مامەڵەكردن لەگەڵیدا نییە، ئێمە هەڵوێستمان روونە و پێشتریش رامانگەیاندووە و ئەمڕۆیش دووپاتی دەكەینەوە كە نابینە لایەنێك لەو حكوومەتەی بە ویستی دەرەكی و بە پارێزی میلیشیاكان هاتووە و لەسەر حیسابی خوێنی عێراقییە بێتاوانەكان بنیات نراوە. 

لای خۆیەوە كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لە عێراق ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی بەرانبەر رووداوەكەی نەجەف پێشان دا و داوای دانبەخۆداگرتنی كرد، لەوكاتەی سەرچاوەیەكی تەناهی لەبارەی دۆخی گۆڕەپانەكانی مانگرتن لە بەغدا و نەجەف گوتی، قوتابییەكی زۆر روویان لە گۆڕەپانی تەحریر كردووە و هێزە تەناهییەكانیش رێوشوێنی توندیان وەرگرتووە بۆ رێگرتن لە دروستبوونی توندوتیژی، دۆخی هەردوو گۆڕەپانی وەسبە و خلانی ئاساییە و لە گۆڕەپانی سەدرییەكانیش لە نەجەف بەهەمان شێوە و ژمارەی كۆتایی قوربانیانی شەوی رابردووی نەجەف گەیشتووەتە هەشت كوژرا و 158 بریندار. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل